KMMK:لە چەند رۆژی رابردوودا قەراری دەست بەسەرداگرتن و هەڕاج کردنی ماڵ و سامانی بنەماڵەی چالاکی سیاسی کورد خالید ئەمین پور کە پێک هاتببو لە دوو خانو لە رێگای نوسراوەیەکی چاپی راگەیەندراوە.
لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا خالید ئەمین پور لەگەڵ راپۆرتێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند کە دوو خانوی نیشتەجێ بونی بنەماڵەکەی لە شاری سەقز و گوندی سونەتە کە لە بارمتەی ئازادی کاتی ناوبراو لەساڵی ۱۳۹۰ی هەتاوی دانرابون هەڕاج کراون.
ناوبراو پاشان رایگەیاند: نوسراوەیەک لەسەر هەڕاج کردنی ماڵ و داهاتی بنەماڵەکەم لە نێو گوندی سونەتە بڵاو کراوەتەوە، و ئەم کردەوەی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی زەخت و زەبر بۆ سەر من و بنەماڵەکەم بووە.
لە راپۆرتگەلی پێشوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەر زەخت و زەبری کۆماری ئیسلامی بۆسەر بنەماڵەی ناوبراو هاتووە: کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ۱۳۹۶ی هەتاوی، بڕی بیست و پێنج میلێۆن تمەن لە بڕی پارەی خەوێندراوی باوکی ناوبراو (عەبدوڵڵا ئەمین پور) لە بانک، لە لایەن دادگەی کۆماری ئیسلامیەوە لە شاری سەقز، بە قازانجی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەردا گیراوە.
خالید ئەمین پور لە ساڵی ۱۳۸۹ بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان لە شاری سەقز دەست بەسەر کرا و لە ئەنجامدا دوازدە ساڵ بەند کردنی بەسەردا سەپێندرا و ناوبراو تا کاتی یەکلا بونەوەی قەراری دەرکراو بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. خالید ئەمین پور ئێستا پتر لە ۷ ساڵە لە باشوری کوردستان نیشتەجێ بووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان