KMMK:بنەماڵەی کچانی شین ئاوا نوسراوەیەکیان لە سەر بابەتگەلی چەند رۆژی رابردوو لە پەیوەندی لەگەڵ چارەسەر کردنی منداڵەکانیان بڵاو کردەوە، لەم بڵاو کراوەیەدا هاتووە: لە درێژەی پەیوەندی گرتن و بەدواداچونی بنەماڵە و پارێزەرانی ئێمە، رۆژی یەک شەممە ۲۳ی گوڵانی ۱۳۹۷ی هەتاوی دکتۆر فاتمی بەرپرسی گروپی پزیشکی کچانی شین ئاوا، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز شادکام، لە پەسەند کردنی نەهایی ناردنی ئەم کچانە بۆ دەرەوەی وڵات پاش تەواو بونی تاقیکردنەوەکانی خوێندن لە ۲۲ی جۆەردانی ۹۷ و رایگەیاندووە کە دۆسیەی پزیشکی ئەم کچانە نێردراوە بۆ گروپێکی پزیشکی ئێرانی نیشتەجێی وڵاتە یەکگرتووەکان تاکوو بە کەڵک وەرگرتن لە زانست و کارایی ئەوان بتوانین لەسەر چارەسەرکردنیان هەوڵ بدرێت. بەڵام بەداخەوە پارلمانتاری سەردەشت و پیرانشار، بە هۆکاری تایبەت، ئەم هەواڵەی رەت کردوەتەوە کە پێویستە بۆ رون کردنەوەی راستیەکان چەند خاڵێک بەم شێوەی خوارەوە دەگەیەنینە کۆمەڵانی خەڵک و خاوەن راگەیاندنەکان:
۱: لە ماوەی شەش ساڵ پاش روداوی دڵتەزێنی شین ئاوا، ئەم منداڵانە و بنەماڵەکانیان بە بێ یارمەتی نوێنەری شار، خۆیان بەدوای چارەسەری پزیشکی و وەرگرتنی مافەکایان کەوتوون و گەر نوێنەری ناوبراو هەوڵێکی دابێت لەسەر ئەرکی نوێنەرایەتی خۆی بووە و هیچ منەتی تێدا نیە. لەحاڵێکدا کردەوەکانی ئەم بەڕێزە بەس تایبەت بە راگەیاندن بوو و هیچ هەوڵێکی راستەقینە یاخود بەدواداچونێک لەلایەن بەڕێزیانەوە بەدی نەکراوە و وڵامدەرەوەی پەیوەندی گرتنی بنەماڵەکان بۆ نوسینگەی نوێنەرایەتی لەتاران یاخود پیرانشار نەبووە.
۲:قورسایی سەرەکی بەدواچونەکان لەسەر شانی بنەماڵەکان، پارێزەران و چەند کەسێکی دڵسۆز بووە و تەنانەت بەڕێزی نوێنەر دژ بە چونە ژورەوەی پارێزەرەکان و بڵاو بونەوەی گرفت و کێشەی بنەماڵەکان بووە و لەو بڕوایەدایە کە دەبێت بە وەر گرتنی نیوەی قەرەبوو ئەم گرفتە کۆتایی پێ بهێنرێت کە بنەماڵە ۷ کەس ئەم داواکاریەیان قەبوڵ کردووە بەڵام بنەماڵەی ٨ کەس بە ئامۆژگاری یاسایی پارێزەرەکان توانیویانە قەرەبوی تەواو وەر بگرن. لە روانگەی بەڕێزی نوێنەر قەرەبوی کچێک تەنانەت لە رواداوەکاندا نیوەی پیاوێکە کە ئەم رەوانگەیە پێشێلکاری و دەست درێژی کردنە سەر مافی مرۆڤەکانە. ئێستە بەرپرس و وڵامدەرەوەی قەرەبوی دوو لەتکراوە ئەو ۷ کچە کە بە تێبینەیەکانی بەڕێزی نوێنەر جوڵاونەتەوە، کێیە؟
۳: دەوڵەت ئەم ئەرکانەی لەسەر شانە کە کچانی شین ئاوا بۆ چارەسەر کردن بۆ باشترین ناوەندگەلی چارەسەری لە دەرەوەی وڵات چ لە ئامریکا یا خود هەر وڵاتێکی تر بنێرێت و هیچ کسێک بریتی لە نوێنەر یا خود رێکخراوەیەکی حکومی مافی ئەوەی نییە کێشە دروست بکات و دژ بەم کارە بێت. بۆ لە شەش ساڵی رابردوو چ چاکسازیەک لە چارەسەر کردنی ئەم کچانە بەدی کراوە؟
۴:نوێنەری بەڕێزی پیرانشار چاکتر بوو لەبری رەش نواندن و شاردنەوەی راستیەکان، لە یەکەم رۆژەکانەوە بۆ چارەسەری ئەم کچانە هەوڵی داباو و لە لەمپەر دروست کردنە ناڕەواکان لە پێشێل کردنی مافی ئەم کچانە دەست بکشێنێتەوە. ئێستە کە بە بەدواچونە بەردەوامەکان، رێگایەک بۆ چارەسەر کردنی ئەوان لە دەرەوەی وڵات دروست بووە بۆ بەڕێزیان بە بەردهاویشتن خوازیاری لەناوبردنی باری قورسی ئیش و ئازاری کچەکانمانە؟
۵: کچانی بەشخوراوی شین ئاوا بێ مافن و دەبێت مافیان بدرێتێ نەک ئەوەی کە شایانی پاڕینەوە و منەتی نوێنەری سەردەشت و پیرانشار بن.
۶: ناردنی ئەم کچانە بۆ ئەمریکا بە پێی بریاری کۆمیسیۆنی پزیشکی و رەزامەندی پزشکانی دانیشتوی ئەمریکایە و بابەتێکی مرۆڤ دۆستانەیە و ئەمرە مەهاجریەکانی ترامپ و بەرجام قەد ناتوانن ببنە لەمپەر لەبەرانبەر دەر کردنی ویزا بۆ ئەم کچە بەش خوراوانە.
۷: نابێت ئەم کچانە بخرێنە نێو کاروباری سیاسی و بە چاوی مرۆڤ دۆستی چاو لە بابەتەکا بکرێت کە بە دڵنیایەوە کاروباری مرۆڤ دۆستانە و چارەسەری ئەم کچانە لە ئەمریکا جیاواز لە ئەمرەکانی ترامپە.
۸:هیوادار هی بەڕێزی نوێنەر لە خزمەت ئەو کەسانەدا بێت کە نوێنەرییان دەکات و بۆ رازی بونی خودا.
لە کۆتاییدا سەرەڕای دەستخۆشی لە هەوڵی پزیشکان، ماف ناسان، پارێزەران بە تایبەت بەڕێز حسەین ئەحمەی نیاز پارێزەری دڵسۆزی ئەم کچانە، خاوەن راگەیاندنەکان و دەرکراوەکان و بەرپرسانی بەڕێز لە ناخی دڵەوە خوازیاری هەوڵی بەپەلە بۆ چارەسەر کردنی کچانی خۆمانین لە دەرەوەی وڵات بۆ پێشگرتن لە لەناوچونی لاویەتی و کاتەخۆشەکانی ئەوانین.
ماڵباتی کچانی شین ئاوا
۲۳ی گوڵانی ۱۳۹۷ی هەتاوی
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


