KMMK: ئەوڕۆ ۱۹ی گوڵانی ۱۳۹۷ی هەتاوی کۆمەڵێک لە وەرزێرانی شارەکانی نەغەدە وشـــنۆ سەربە پارێزگای ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر دەرکی کومپانیای بەرهەمهێنانی قەند لە نەغەدە گردبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕینیان پێک هـــێنا.
بەگوێرەی هەواڵە وئەو گرتە ویدیۆییەی بڵاو کراوەتەوە ، هۆکاری ئەم گردبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناڕازیان لەپاییزی ساڵی پارەکەوە بەرهەمی کشتووکاڵی خۆیان(چەوەندەری قەندد) بەکومپانیای ناوبراو فرۆشتووە ،بەڵام لەو دەمەوە تائێستە پارەیان پێنەدراوە و دەسخەرۆ کراون ،هەربۆیە بەنیازی مسۆگەربوونی داواکارییەکانیان لەبەر دەرکی کومپانیای ناوبراو کۆبوونەتەوە وبەنیازن بەم شێوەیە داواکارییەکەیان جێبەجێ ببێت.
جێگەی باسە زۆربەی کارگە وکومپانیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردن وناکارامەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تووشی قەیران هاتوون وتوانای وڵامدانەوەی داواکارییەکانی وەرزێران و کرێکارانیان نییە و قورسایی ئەم ڕکودی ئابوورییە دەکەوێتە سەر ڕەنج ومەینەتی جەڵکی زەحمەت کێش وبەشخوراوی ناوچەکە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


