شیرین عەلەم هولی/لە ئەشکەنجە و زیندان تا تیرۆر و سێدارە

شیرین عەلەم هۆلی لەدایک بووی ۱۳ی جۆزەردانی ساڵی ۱۳۶۰ی هەتاوی لە گوندی دێم قشڵاق لە نزیک شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، پاش بەسەر بردنی یەک ساڵ و نۆ مانگ لە بەندیخانە ئەوینی تاران لە رۆژی ۸ی سەرماوەز بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حزبی ژیانی ئازادی کوردستان موحاکمە کرا و سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و لە بڕواری ۱۹ی گوڵانی ۱۳۸۹ بە بێ ئاگادار کردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ئەوین لە سێدارە درا.
شیرین عەلەم هۆلی لە بڕواری ۶ی جۆزەردان ۱۳۸۷ لە شاری تاران لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەست بەسەر کرابوو و پاش تێپەڕاندنی ۲۱ رۆژ قۆلبەست بوون و ئەشکەنجە لە شوێنێکی نادیار، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئەوین.
شیرین عەلەم هۆلی لە کاتی بەسەر بردنی مەودای دەست بەسەر بونی چەندین جار خرایە ژێر ئەشکەنجەی دەرونی و فیزیکی زۆرو ناوبراو بەهۆی ناعەداڵەتی و زەختی زۆر چەندین جار دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.

شیرین عەلەم هۆلی لە بڕواری ۱۹ی گوڵانی ۱۳۸۹ لە بەندیخانەی ئەوین لەگەڵ عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکێڵی و فەرزاد کەمانگەر بە بێ ئاگادار کردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەی لەسێدارە درا و بەشێوەی نەهێنی و دور لە چاوی بنەماڵەکەی لە شوێنێکی نادیار بەخاک سپێرداوە.

لە دوای لە سێدارەدانیان ، تەرمەکانیان نەدرایەوە بنەماڵەکانیان کە لەم ناوەدا هەڵسوڕاوانی کۆماری ئیسلامی ئێران ،زەمانەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی کوردستانیان کردە شەرت بۆ دانەوەی تەرمی لە سێدارەدراوەکان بە بنەماڵەکانیان . بەڵام دوای تێپەڕبونی چوار رۆژ لە سێدارەدانیان تەرمەکانیان نەدرایەوە بنەماڵەی لە سێدارەدراوان سەڕەڕای ئەمە چەند کەس لە بنەماڵەی قوربانیان دەست بەسەر کران و دواتر پێان وترا چۆن ئەوان گێرەشێوێن بوون و دوژمنی خودا و کۆماری ئیسلامین نابێت لە گۆرستانی پیاوچاکان و موسوڵماناندا بنێژرێن و دەبێت لە شوێنێکی دور دەفن بکرێن .

ڕۆژی ۱۲ ی جۆزەردانی ۱۳۸۹ی هەتاویی ، دایکی فەرزاد کەمانگەر و چەند کەس لە بنەماڵەی فەرهاد وکیلی و قوربانیان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمەکان سەردانی پارێزگاری سنەیان کرد، بەڵام لە دوایی دا پێان وترا تەرمی ئەوان لە شوێنێکی نادیار بەخاک سپێراون و دوایی ئارام بونەوەی کەشەکە و لەبار بونەوەی کەشی ئەمنی شوێنی ئەوانتان پێ دەوترێت .

ئێستاش لە دوای تێپەربونی چەند ساڵ بەسەر ئەم ڕوداوەدا شوێنی ناشتن و بەخاکسپاردنی شیرین عەلەم هولی ، فەرزادی کەمانگەر وئەوانی تر بە نهێنی ماوەتەوە کە تەنانەت تەرمی ئەم قوربانیانە بۆتە جێگای ترس و لەرزی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نیە شوێنی ناشتنی ئەوان بە کس و کاریان ڕابگەێنێت .
لە ئێستادا تەرمی هەزاران کەس لە قوربانیان و قەتڵ و عامی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران ، نەدراوەتەوە بنەماڵکانیان و لە شوێنی نادیار و بەکۆمەڵ بەخاکیان سپاردون .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان