فەرزاد کەمانگەر/لە ئەشکەنجە و زیندان تا تیرۆر و سێدارە

فەرزاد کەمانگەر  کوڕی باقی و سەڵتەنە لەدایک بوی ساڵی ۱۳۵۴ی هەتاوی لە شاری کامیاران، مامۆستای پەروەردە بە ۱۲ ساڵ کارەوە پێش قۆلبەست کردن لە خوێندنگای کار و دانشی شاری کامیاران وانەی وتەوەتەوە، ناوبراو هەروەها ئەندامی سەرۆکایەتی یانەی مامۆستایانی شاری کامیاران بوو و تا پاش قەدەغە کردنی چالاکی ئەم کۆمەڵەیە بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتی ئەم رێکخراوەیە بوو.

فەرزاد کەمانگەر هەروەها ئەندامی شۆرای نوسەرانی گۆڤاری مانگانەی کولتوری و پەروەردەیی رۆیان بوو کە لە لایەن دەزگای پەروەردەوە بەر بەکاری ئەم گۆڤارە گیرا. هەروەها وەک چالاکێکی ژینگە پارێز ئەندامی سەرۆکایەتی رێکخراوەی ژینگە پارێزی کامیاران ( ئاسک) بو و لە دوایین رۆژەکانی ساڵی ۱۳۸۴ بە ناس ناوی ( سیامەند ) بوە ئەندامی رێکخراوەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران.

فەرزاد کەمانگەر یەکێک لە چالاکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان و  ئێران بو و پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و بەرەنگار بونەوە لەگەڵ هەڵاوردەیی ئایینی، نەتەوەیی و رەگەزی وەک چالاک و خەباتکارێکی مەدەنی و دور لە تووند و تیژی هەڵبژاردبو.

فەرزاد کەمانگەر لە مانگی گەلاوێژی ۱۳۸۵ لە شاری تاران لەکاتێکدا بۆ چارەسەر کردنی کێشەی پزیشکی برایەکی کە لە چالاکانی سیاسی بوو قۆلبەست دەکرێت.

لە بڕواری ۱۰ رێبەندانی ساڵی ۱۳۸۶ لە بەشی ۳۰ دادگەی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە فەرزاد کەمانگەر و عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکێڵی لە دادگەیەکی ۷ دەقەیدا موحاکمە دەکرێن و پاشان بە ئیعدام سزا دەدرێن.

فەرزاد لە رۆژی ۱۹ی گوڵانی ۱۳۸۹ لە بەندیخانەی ئەوین لەگەڵ عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکێڵی، شیرین عەلەم هۆلی و مەهدی ئیسلامیان بە بێ ئاگادار کردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەکانیان لەسێدارە دران و بە شاراوەیی و دور لە چاوی بنەماڵەکانیان بەخاکیان سپاردن.

لە دوای لە سێدارەدانیان، تەرمەکانیان نەدرایەوە بنەماڵەکانیان کە لەم ناوەدا هەڵسوڕاوانی کۆماری ئیسلامی ئێران ،زەمانەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی کوردستانیان کردە شەرت بۆ دانەوەی تەرمی لە سێدارەدراوەکان بە بنەماڵەکانیان . بەڵام دوای تێپەڕبونی چوار رۆژ لە سێدارەدانیان تەرمەکانیان نەدرایەوە بنەماڵەی لە سێدارەدراوان سەڕەڕای ئەمە چەند کەس لە بنەماڵەی قوربانیان دەست بەسەر کران و دواتر پێان وترا چۆن ئەوان گێرەشێوێن بوون و دوژمنی خودا و کۆماری ئیسلامین نابێت لە گۆرستانی پیاوچاکان و موسوڵماناندا بنێژرێن و دەبێت لە شوێنێکی دور دەفن بکرێن .

ڕۆژی ۱۲ ی جۆزەردانی ۱۳۸۹ی هەتاویی ، دایکی فەرزاد کەمانگەر و چەند کەس لە بنەماڵەی فەرهاد وکیلی و قوربانیان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمەکان سەردانی پارێزگاری سنەیان کرد، بەڵام لە دوایی دا پێان وترا تەرمی ئەوان لە شوێنێکی نادیار بەخاک سپێراون و دوایی ئارام بونەوەی کەشەکە و لەبار بونەوەی کەشی ئەمنی شوێنی ئەوانتان پێ دەوترێت .

ئێستاش لە دوای تێپەربونی چەند ساڵ بەسەر ئەم ڕوداوەدا شوێنی ناشتن و بەخاکسپاردنی فەرهاد وەکیلی ، فەرزادی کەمانگەر وئەوانی تر بە نهێنی ماوەتەوە کە تەنانەت تەرمی ئەم قوربانیانە بۆتە جێگای ترس و لەرزی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نیە شوێنی ناشتنی ئەوان بە کس و کاریان ڕابگەێنێت .
لە ئێستادا تەرمی هەزاران کەس لە قوربانیان و قەتڵ و عامی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران ، نەدراوەتەوە بنەماڵکانیان و لە شوێنی نادیار و بەکۆمەڵ بەخاکیان سپاردون .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان