سێدارە دوژمنی ژیان/ بۆ بەرگری لە ژیان و پشتگیری رامین حوسەین پەناهی و بەندکراوانی سیاسی راپەرین

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای ئیدانە کردنی بڕیاری لەسێدارە دانی بەندکراوی سیاسی کورد رامین حوسەین پەناهی، قەراری دەرکراو لە لایەن دادگای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ، مافی مەدەنی، سیاسی و مافی ژیانی ئازادانەی مرۆڤایەتی دەزانێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەڕێوەبردنی حوکمی سێدارەی بەندکراوانی سیاسی کورد هەموکات هەوڵی داوە سیاسەتە دژە مرۆیی و چەوسێنەرانەی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بسەپێنێ و هەر چەشنە دەنگێکی ئازادیخوازانە لە بنەڕەتەوە بخنکێنێت.

رامین حوسەین پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی و… ئەوگەنجانەی تەنها بۆ گەیشتنی گەلی کورد بە مافەکانی و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک و مرۆڤانە، دەستیان داوەتە چالاکی سیاسی.
کۆمەڵگای کوردستان و ئێران، پێویستە بۆ بەرگری لە سێدارەدانی رامین حوسەین پەناهی و بەندکراوانی سیاسی مەحکوم بە سێدارە لە زوترین کاتدا دەست بە کار بن و سیاسەتی سێدارە، ترس و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیدانە بکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەڕەڕای بە توندی ئیدانە کردنی قراری لەسێدارە دانی بەندکراوانی سیاسی بەتایبەت قەراری سێدارەی رامین حوسەین پەناهی، کە ترسی لەسێدارەدان هەردەم ترسێکە لەسەر ژیانی، لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتی ئۆروپا، وڵاتانی دونیا، رێکخراوە مافی مرۆڤیەکان، حزب و رێکخراوە سیاسیەکان داوا دەکات، هەمو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانن قەراری لە سێدارە دانی رامین حوسەین پەناهی رابگرن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان