kmmk: لە بڕیارێکی نوێ کۆمکاری یەکیەتی ئوروپا لە سەر مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی ۲۱ی خاکەلێوەی ۱۳۹۷ی هەتاوی جارێکیتر بە مەبەستی سزادانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانی ئەوەی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا بەردەوامە ، درێژ کرایەوە .
گەمارۆ و گوشارە ئابوریەکانی سەر ٨۲ کەسایەتی وەک تاک و ناوەندێکی پەیوەندار بە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری کۆماری ئیسلامی نوێ کراوەتەوە .
ئەم بڕیارە بۆ ساڵێکیتر درێژ کراوەتەوە لە گەڵ ناوەڕۆکی ساڵی پێشوو گۆڕانی بەسەر نەهاتوە. ئەوەی جێگای باسە و ڕەخنەی چالاکانی مافی مرۆییە هەرجارە یەکیەتی ئوروپا گوشار و گەمارۆ ئابوریەکانی بە ڕواڵەت توند دەکات لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ، بەڵام جارێک نەبینراوە و گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی لە لایەن ئوروپاوە بخرێتە سەر ئێران و هەرجارە ڕێدارانی کۆماری ئیسلامی ڕوو لە وڵاتانی ئوروپایی دەکەن فەرشی سوریان بۆ ڕادەخەن .
لە ساڵی ۲۰۱۱ وە کە گەمارۆکانی سەر ئێران بە تاوانی بنپێکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن یەکیەتی ئوروپاوە واژۆ کراوە ، کۆماری ئیسلامی لە دژکردەوەدا پێشێلکاریەکانی سەر گەلانی ئێران و بەتایبەت لە سەر هاووڵاتییانی کورد زیاتر کردوە و سێدارەکان هەر شەکاوەن و کۆڵبەرانیش بە ڕۆژانە ڕاستەوخۆ ترۆر دەکرێن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان