سزادراو بەسێدارە/ ئیبراهیم عیساپوور

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان (kmmk): ئیبراهیم عیساپوور بەندکراوی سیاسی کورد خەڵکی گوندی نەڵاسی سەر بەشاری سەردەشت لە بەرواری ١٦پووشپەری ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

ناوبراو لە ماوەی یەک مانگ ونیودا بە توندترین شێوە ئەشکەنجە جەستەی و دەروونی درا و دوواتر گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەهاباد.

ئەم بەندکراوە کوردە لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ سیروان نژاوی (بەندکراوی لە سێدارە دراو) لە بەرواری ٢٣ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەهاباد بە تاوانی هاریکاری یەکێک لە پارتە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (پژاک) بە سزای ئیعدام مەحکووم کرا.

ئیبراهیم عیساپوور لەبەرواری ١٢ی گوڵانی هەمان ساڵدا بۆ بەندیخانەی حکومەت لە شاری ورمێ گواسترایەوە.

دواتر تانەی لە سزاکەی داو بەو بۆنەوە دۆسیەی ناوبراو ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کرا. لە کۆتایدا سزای سەپێندراو لە دادگای باڵای ئێران پشت راست کرایەوە و پارێزەری ناوبراو راگەیاندرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لەگەڵ سیروان نژاوی، سامان نەسیم، عەلی وحەبیب ئەفشاری، یوونس ئاقایان، لە کۆتایی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ بۆ جێبەجێ کردنی سزاکەی لە بەشی ١٢ی بەندیخانەی حکومەت لەشاری ورمێ، بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. دوواتر ئاشکرا بوو کە ئیبراهیم عیساپوور و سیروان نژاوی لەلایەن ‌کارگێڕانی ئەمنی و دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە جێگۆرکێیان پێکراوە بۆ بەندیخانەی تەورێز.

ڕۆژی یەک شەممە ١٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، سزای ئیعدامی سیروان نژاوی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی تەورێز جێبەجێ کرا.

پێش لەسێدارەدانی سیروان نژاوی، «ئیبراهیم عیساپوور» لە کۆتایی مانگی جۆزەردان گواسترابوویەوە بۆ بەندیخانەی حکومەت لە شاری ورمێ، تاوەکوو ئێستایش لەم بەندیخانەیە ماوەتەوە.

بەپێی حەشیمەتی ئێران، ئەم وڵاتە پێگەی یەکەمی ئێعدامی هاوڵاتیانی خۆی هەیە لەئاستی جیهاندا. ئێعدام لەئێران لەیاسادا چەسپاوە.

ئەو تاوانانەی کەلەیاسادا ئێعدامیان بۆ لەبەرچاوگیراوە برینین لە: کوشتن، دەسدرێژی، ئازاری جنسی مناڵان، هاوڕەگەز خوازی، (مساحقە) لەئەگەری دووپات بوونەوە، قاچاخی مادەی هۆشبەر، دزی چەکدارانە، مرۆڤ ڕفاندن وتاوانی شەڕ لەگەڵ خودا و گەندەڵی سەر زەوی (ئەو تۆمەتەی کەبەگشتی لەتاوان بارانی سیاسی خۆدەبینێتەوە).

بەپێی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: لەساڵی ۲۰۱۷ی زاینی ٤٤۶ کەس لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئێعدام کراون؛ کەنێزیکەی ۲۰ لەسەت لە ئێعدام کراوان واتە ۸۶ کەس لەوان لەهاوڵاتیانی کورد پێک هاتوون.

۳۱ کەس لە ئێعدام کراوان لەلایەن کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە لەپێش چاوی گشتی هەڵواسراون، کە ۹ کەس لەم چەشنەلە ئێعدام، لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بووە؛ واتە نێزیک بە ۳۰ لەسەت لەو ئێعدامانەی کەلەپێش چاوی گشتی جێبەجێ کراون لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. لەساڵی ۲۰۱۶ ڕێژەی ٤٤کەس بەتۆمەتی محاربە وگەندەڵی سەر زەوی لەئێران ئێعدام کراون؛ کە ۳۰ کەس لەوان بە تاوانی سیاسی و ئەمنییەتی بوون، ئێعدام کراون لەم ڕێژەیە ۲۷ کەسیان لەهاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هاتوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســـتان