سەپاندنی سزا بەسەر ٥ دەسبەسەرکراوی نارەزایەتیەکانی ئەم دواییە، لە ورمێ

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: پێنج شارۆمەندی دەسبەسەرکراوی نارەزایەتیەکانی ئەم دواییە، لە ٢٨ی ڕێبەندان مەحکەمە کران و لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بەپێی بڵاوکراوەی (KHRN): ((مەتین خالدی و ئەمین زەندی بە تاوانی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەی بە ٥ سال زیندان و بە تاوانی پرۆپاگەندە دژی حکومەت، یەک سال بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا، ناسر حەسەنی و سەفەر ئەردوخانی بە تاوانی پرۆپاگەندە دژی حکومەت بە یەک سال زیندان و مونیرە سوڵتان زادە-ش بە هەمان تاوان، سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.))

سزای دەرکراو بۆ مەتین خالدی، بەندکراو لە بەشی ١٣ی (بەشی لاوان) بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ، بە شێوەی زارەکی لەلایەن بەشی جێبەجێ کاری سزا لە بەندیخانە، بە ناوبراو ڕاگەیاندرا. دوێنێ لە لایەن دادگای ئینقلابەوە سزای سپێندراو، بۆ چوار دەسبەسەرکراوەکەی دیکە کە پێشتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون بە پارێزەرەکانیان ڕاگەیاندرابوو.

رۆژی ٢٣ی سەرماوەز، لە سەرهەڵدانە سەرتاسەریەکانی ئەم دواییە، لە شاری ورمێ ١٥ شارۆمەند دەسبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ بەندیخانە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی لەم شارەدا. بەشێک لە دەسبەسەرکراوان دوای دوو حەوتە لێپرسینەوە لە ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی گواسترانەوە و زۆربەیان بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کران.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان