ئاڵمانیا بە بەرهەم هێنانی بۆمب و فرۆشتنی بە تورکیا بەشدارە لە کۆمەڵکوژی عەفرین

ک م م ک: بە پێی هەواڵی فرات نیوز، ئاڵمانیا چەکە دروست کراوەکانیان خۆی دەفرۆشێت بە تورکیا و توركیاش له‌ دژی عه‌فرین به‌كاریان دێنێت.له‌ ماوه‌ی مانگی ڕابردوودا ١٥ جار تۆپه‌كانی تانكی لیۆپاردی ئه‌ڵمانی گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ توركیا.

فراكسیۆنی پارتیی چه‌پ له‌ هه‌رێمی هێسن ڕاپۆرتێكی له‌ژێر ناونیشانی «هێسن، ئه‌تڵه‌سی چه‌ك» بڵاوكرده‌وه‌. له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا سه‌رنج خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و كارگه‌ و كۆمپانیایانه‌ی پێداویستی سه‌ربازی دروست ده‌كه‌ن. ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌ ناوی ٦١ كۆمپانیا ده‌كات كه‌ چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی له‌ ئه‌ڵمانیا به‌رهه‌م دێنن.

له‌ ڕاپۆرته‌ دا هاتووه‌: تانكی جۆری لیۆپارد – Leopard II كه‌ ئێستا ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ شه‌ڕی دژ به‌ عه‌فرین به‌كاری دێنێت، له‌ كارگه‌ی (Krauss-Maffei-Wegmann (KMW له شاری‌ كاسل دروست ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها كۆمپانیای Fritz Werner كه‌ له‌ شاری گایسنهایم چه‌ك دروست ده‌كات، به‌رهه‌مه‌كانی به‌ سوپای توركیا ده‌فرۆشێت. ئه‌م كارگه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی چه‌ك له‌ ئه‌ڵمانیا، له‌ كاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا، زۆرترین چه‌كی بۆ سوپای نازییه‌كان به‌رهه‌م هێنابوو.

یان شالائوسكه‌، په‌رله‌مانتاری پارتیی چه‌پ له‌ هه‌رێمی هێسن سه‌رنجی ڕاكێشایه‌ سه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ دژی عه‌فرین و وتی: پێداویستییه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌ هێسن-ه‌وه‌ ده‌چنه‌ توركیا. ناوبراو وتیشی: هێرشی سه‌ر عه‌فرین دژی حقووقی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌.

«ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ ئه‌م تاوانه‌، كه‌ره‌سته‌ ئه‌ڵمانییه‌كان به‌كاردێنێت كه‌ له‌ هه‌رێمی هێسن دروست ده‌كرێن. ئه‌و تۆپ و چه‌كانه‌ی له‌ ئه‌ڵمانیا دروست ده‌كرێن، له‌ عه‌فرین مرۆڤه‌ سیڤیله‌كان ده‌كوژن. ده‌بوایه‌ حكوومه‌تی فیدڕاڵی ئه‌ڵمانیا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گه‌مارۆی چه‌كی خستبوایه‌ سه‌ر توركیا، به‌ڵام به‌ شه‌ڕی عه‌فرین كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا بوونه‌ پڕفرۆشترین كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی.»

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتیی چه‌پ ڕایگه‌یاند: دروستكردنی ئامێره‌كانی تاوان له‌ هه‌رێمێكی وه‌ك هێسن، دژی ده‌ستووره‌. ده‌ستنیشانی كرد، له‌ ده‌ستووری هه‌رێمی هێسندا، به‌شداربوون له‌ شه‌ڕ و هاوبه‌شبوون له‌ شه‌ڕدا قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.

جێی ئاماژەیە کە لە سەرەتای هێرشی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین بە دەیان کەس بە هۆیی بۆمباران و تۆپبارانی حکومەتی تورکیا گیانیان لە دەست داوە و بە سەدان کەس بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان