سێی ڕەشەممەی ۱۳۷۷لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبەستی مەحکووم کردن وڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن موسادی ئیسڕایل ومیتی تورکیا لە کێنیا، سەرهەڵدانێک هاتەئاراوە کەهەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان وگەورەشاری تارانـی گرتەوە.بەهۆی ئەم ناڕەزایی وڕاپەڕینەوە دەیان کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیانیان لەدەست دا وبەسەدان کەسیش دەسبەسەر کران.
لە۲۷ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپەڕاوپەڕی ئێرانەوە بەمەبەستی مەحکووم کردنی پیلانی نێودەوڵەتی (ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان) بەرەو تاران بەڕێکەوتن، ئەم ڕێپێوانە لەشەقامەکانی ئازادی وشۆڕش ، تێپەڕی ولە مەودای ڕێگەکەدا بەهەزاران کەس تەڤڵی ڕێپێوان وجەماوەرە ناڕازییەکە بوون ولەبەرانبەر باڵوێزخانەی تورکیا خوازیاری ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بوون.
کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاندبوو وبەهۆی ئەم ناڕەزاییەتیانەوە لەشاری ورمێ دوو کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران ولەشاری سەڵماس ،مەهاباد ،کرماشان ،ئیلام ،ورمێ ،ماکۆ ،سەقز ،مەریوان و…بەسەدان کەس دەسبەسەرکران.
لەڕۆژی ۲۹ی ڕێبەندان ناڕەزایەتییەکی هەموولایەنە لەزانکۆی کوردستانی شاری ســنە بەپێی مۆڵەتی پێشوەخت بەڕێوەچبوو کەئەویش هەربە توندوتیژی وڵام درایەوە وبە لێدان ودەسبەسەری زۆربەی مامۆستاکان وخوێندکاران کۆتایی پێ هات.
لەڕۆژی دووشەممە سێی ڕەشەمە خەڵکی ســنە ودەرووبەری بەپێی ڕاگەیەندراوی پێشووتر بۆ بەڕێوەبدنی ڕێپێوان ڕوویان لەناوەندی شار کردبوو. هەرلەم کاتەدا شار ئاخێنرا بەهێزی دژەشۆڕشی سنەو شارەکانی دیکە.
هەرلە دەسپێکداخەڵک ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی هێزە دژە شۆڕشەکان بوونەوە ووخەڵک بەرانبەربەم توندوتیژییە وەستانەوە.
لەم لێدانو زەبروزەنگەدا دەستیان لەکەس نەپاراست”پیاوان وژنانی بەساڵاچوو”، “ژنان وگەنجان” کەوتنە بەر هێرش. بەدەیان کەس کوژران و بریندار بوون و بەسەدان کەسیش دەسبەسەر کران.
ئامارێکی ڕێک وپێک لەگیان لەدەستدان ودەسبەسەر کراوانی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستەوە نییە؛ بەڵام دەکوترێ لەشاری سنە ۳۳ بۆ۷۰کەس، ورمێ ۲کەس و لە ماکۆ کەسێک گیانی لەدەست داوە وبەسەدان کەسیش لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە بەر لێدان. لەگرتوخانەکاندا دەسدرێژی کرایە سەر زۆربەی گەنجەکان. قژی سەری کچان تاشرا. سەدان کەس محاکمە ومەحکووم بە زیندان و غەرامە کران. زۆربەی مامۆستایانی زانکۆ دەرکران و زیندانی دەمدرێژیان بۆ بڕدرایەوە.
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەسپێکی شۆڕشەوە بەدەیان جار جینایەتی لەهەژمار نەهاتووی دژبە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ کردووە وهەرە سەرەتاوە بە فەرمانی جیهادی خومەینی دژبە نەتەوەی کورد، لەهێرش بۆسەر شاری پاوە، شەڕی ۲٤ڕۆژەی شاری سنە، شەڕی نەغەدە و کوشتووبڕی گوندەکانی “قاڕنێ وقەڵاتان وبرادۆست، کوشتاری بەکۆمەڵ و دادگاکانی خەڵخاڵی کە سەدان کەس لەخەڵک بەتاوانی محارب لەگەڵ خودا و جوداخواز ئێعدام کراون. دوابەدوا ناڕەزاییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ بەسەدان هاوڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەسبەسەر وبەدەیان کەس بۆ وێنە(سارۆ قارەمانی، کیانووش زەندی، حسێن قولیزادە)لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کوژران.
بەپێی ئامارە بەردەستەکان لەچەندد ساڵی ڕابردوو نزیک بە ۱۰۰۰کۆڵبەر لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە کوژراون.هەزاران کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ محاکمە دەسڕێژیان کراوەتە سەر.
دەسبەسەری وزیندانی کردنی چالاکانی مافی ژنان وچالکوانانی سیاسی ،مەدەنی ،کەلتووری، ژینگەپارێزی،کرێکاری و…لە لاپەڕە ڕەشەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. کوشتاری خوێناوی،دەسبەسەری سەرەڕۆیانە ،دەسدرێژی ،لێدانو سوکایەتی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە نۆزدەیەمین ساڵی کوشتار ودەسبەسەری هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکۆتایی ساڵی ۱۳۷۷ داوا لەهەموو چالاکانی مەدەنی ومافی مرۆڤی دەکات کەبەهاریکاری وهاوهەڵوێستی لەگۆڕەپانی مافی مرۆڤی، ئەگەری هەلێک بێننە ئاراوە بۆئەوەی ئەم جینایەتانەی کۆماری ئیسلامی بە دیکۆمێنت بکرێ وکۆماری ئیسلامی ئێران بکێشینە سەر میزی محاکمە کردن لە دادگاکانی مافی مرۆڤی دا.




کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


