ئابدانان / کچێکی ۱٤ ساڵە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان kmmk: لە ۲٦ی ڕێبەندانی ۱۳۹٦ی هەتاوییدا لە شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، کچێکی تەمەن ۱٤ ساڵ بە ناوی ” ز ـــ جەشیرە ” ناوی باوک « ئیمانقولی»، ئاگری لە جەستەی خۆی داوە و گیانی لە دەست داوە.

سەرچاوەێیکی ئاگادار پێڕاگەیاندین بە هۆی هەندێ تایبەتمەندی بنەماڵەییەوە ناوی تەواوی ئەو کیژۆڵەیە و وێنەکەی بڵاونەکینەوە و هۆکاری خۆکوژەیەکەشی بۆ باری هەژاری بنەماڵە و گیرو گرفتی ژیانی ئاسایی گەڕاندۆتەوە .
ئابدانان شارێک نزیک بە ٥۰ هەزار دانیشتوو لە نێوان دوو چیای بەرزی کەبیر کۆ و دینار کۆ لە داوێن چیا پڕ لە داربەڕوەکانی زاگرۆسدایە.
چەم کەوە و قەڵای سیس ڕەنگە باشترین بیانوی گەشتیاران بن بۆ سەفەری ئابدانان. هەرچەن پیشەی گەشتیاری وەک سەنعەت و کارخانە و کارگەی پیشەسازی لە ئابدانان بوونی نییە.

بەپێی سەرژمێری و بە بەراورد لە گەڵ تەواو ئێراندا ئابدانان زۆرترین ڕێژەی خوێنەواری لە ئاستی سەرەوەی خوێندن هەیە کە هێزی کار و باری زانستی گەنجانی ئابدانان نەک هەر بۆ ئابدانان ناگەڕێتەوە بەڵکو ڕێژەی بێکاری و هەژاری لەو شارەدا زیاد کردوە.

دانیشتوانی ئابدانان بە کوردی و لەکی و بڕێکی کەمیش بە لوڕی دەئاخێون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان