کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان kmmk:
لە ڕاپۆرتێکی نوێدا لە ناوخۆی وڵاتەوە پێیان ڕاگەیاندوین کە کەسێک بەناوی “بیژەن قەڵوەزی” ٤٥ ساڵ تەمەن و دانیشتوی شاری کامێران و کرێکاری گرێبەستی باخچەکانی شارەوانی ئەو شارە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و تا گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە .
بیژەن قەڵوەزی خێزاندار و خاوەنی ۳ منداڵ بوە .
جگە لەوەی کە شاری کامێران سەنتەری هەژاری و بێکارییە ئامارەکانیش ئەوە نیشان دەدەن پلەی یەکەمی خۆکوژەیەکانیش هەر هی ئەو شارەیە و میداڵیای شەرمی ئەم دیاردە مەترسیدارەش هەر دەبێت لە سنگی سیستمی بەڕێوەبەری کۆماری ئیسلامییەوە بدرێت .
بەپێی زانیاریەکان : لەم دوایانەدا شارەوانییەکانی شارەکان خۆیان هەر بۆخۆیان دەبێت داهاتی خۆیان دەربهێنن تێچوەکانیشیان لە ئەستۆی شارەوانییە.
دیارە سەرچاوەکەی لە سەر باج و ماڵیات و … عەوارزەکانە .
لەم دوایانەدا کە باری ئابوری و وام و کاری بیناسازی و بەگشتی جوڵەی ئابوری کز بوە ، شارەوانییەکانیش سەرچاوەی داهاتەکەیان کە هەر گیرفانی خەڵکەڕەش ڕووتەکەیە بەتاڵ بۆتەوە .
هەر ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی بە ۳ مانگ و بە ٤ مانگ موچەی کارمەندان و بەتایبەت کرێکارانی گرێبەستی و زۆر جاران وەرزی (کارگر فصلی ) وە بەر غەزەبی بێ موچەیی و دەرکردن دەکەون ، کە دەرئەنجامەکەی برسییەتی و بێ هیوایی خۆکوژیە .
سەرژمێری خۆکوژییەکانی kmmk لە ٨ مانگی ڕابردوودا، ۱۰ کەس لە کامێران خۆ کوژی کردوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان