KMMK: لەگەڵ داوای ئازادی مەرجداری «موختار ئەسەدی» ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سنە، بەهۆی دژایەتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگری و دژایەتی هاتەئاراوە.
موختارئەسەدی دووشەممە ۲۷ی خەرمانانی ئەمساڵ کاتێکە بۆ بەدواداچوونی دۆخی بارمتەکەی سەردانی دادگای شۆڕشی تارانی کردبوو دەسبەسەرکراو گوازرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین.
ئەم چالاکە پیشەییە کوردە، پێشتر لەلایەن لقی ۱۵ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بەتۆمەتی «پڕوپاگەندە دژ بە دەستەڵات» بەساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
ئەم مامۆستا کوردە، خاوەنی بەڵگەنامەی خوێندنی کارناس باڵا لەبواری کۆمەڵناسی-یە. ناوبراو لە پووشپەڕی ساڵی ۱۳۸۹ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەشاری کەرەج دەسبەسەر کرا وپاش ۶۶ ڕۆژ دەسبەسەری بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
موختار ئەسەدی لەلایەن ئیدارەی پەروەردە وفێرکاری پارێزگای سنە بۆماوەی ۵ ساڵ بەشێوەی مەنفا (دوور خستنەوە) لەشاری کەرەجژیانی تێپەڕاندبوو کەئەم حوکمە لە گوڵانی ساڵی ۱۳۹۲ لەلایەن دیوانی دادوەری ئیداریەوە بەرپەرچدرایەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان