کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان Kmmk
شوێنەواری مێژویی ئەندارە (عین دارع) کە مێژوەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووهەمی پێش زایین لە میراتی بە جێماوی دەسەڵاتی هەسنی و شارستانیەتی ” هایتی “ە کان بوە .
ئەو شوێنەوارە کۆنە کە وەک پەرەستگاێک ناسراوە لە ئەنجامی هێرشی بۆردمانی باڵەفڕەکانی ئەم دووایانەی تورکییە کە لە ۲۰ی ژانویەی ۲۰۱٨ وە بۆ سەر کانتۆنی عەفرین لە ڕۆژاوای کوردستان دەستی پێکردوە ، وێران کراوە .
ئاسەواری مێژویی دەڤەری عەفرین “ئەندارە “کە لە لایەن یونسکوە وەک میراتی کلتوری و دیرۆکی ناسراوە . تاوەکو ئێستا ئەوە ناوەندە چاند و هونەرییەی جیهان لە ئاست ئەم کاولکارییانەی وڵاتی تورکییە چاوی نوقاندوە .
دیارە شکاندن و کاولکردنی ئاسەوارە کۆنەکان لەم سەردەمە نوێیەدا زورتر لە لایەن گروپ و تاقمە توندئاژۆێیە ئیسلامییەکانەوە ئەنجام دراوە کە ئەو ڕێکخراوانە وەک گروپی ترۆر و تۆقاندن ناسراون .
شوێنەوارەکانی پەیکەرەکانی “بودا “لە ئەفغانستان بە دەستی تالیبان و مزگەوتی ــ گۆڕ ـ ی یونسی پێغەمبەر لە موسڵ هەمویان بەناوی دینەوە کاولکران .
سەیر لەوەدایە عالەم لە سەر ئەوناوەندانە هاتە جواب ، بەڵام بۆ شێواندنی وتێکدانی ئاسەوارەکۆنەکانی کوردەواری کەس متەقی لێوەنەهاتوە .
ئاسەوارە کۆنەکانی باکوری کوردستان بەتایبەت “ســـوری ئامەد “لە ژێر چەکمەی جەندرمەی تورکدا کاول کرا و کرایە وێرانە .
هەرچەن لەڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئاسەوارەکانی ” زێویە ی سەقز و قۆری قەڵای بۆکان و تەخت سلێمانی هەوشار و دەیان ئاسەواری تر بێبەش نەبوون لەم تاڵان وبڕە.
ئاسەوار ومیراتی کۆنی کوردەواری لە لاێیک ، نەتەوەی کورد خۆشی لە هەر چوار لاوە بە ناوی دینەوە لە ئێران فتوای جهادی لە سەردەرێت و لە باشور ئەنفال دەکرێت و لە تورکیا فەتح و سڕینەوەی لەسەر پەیڕەو دەکرێت .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان