کۆمەڵکووژی سەر عەفرین رووی لە زیاد بوونە

ک م م ک: بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکانی کانتۆنی عەفرین ، هێرشەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچەیە رووی لە زیاد بوونە و زیاتر لە دەرۆژە کە عەفرین و ناوچەکانی گرێدراوی ئەو شارە لە ژێر هێرش و بۆمبارانی حکومەتی تورکیا دان.
بار و دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییە بە مەترسیدارترین رەوشی مرۆڤیدا تێدەپەرێت و بە هەزاران خێزان ئاوارەی چیاو ئەشكەوتەكان بوون.
گوندەكانی سەرسنوری عەفرین لە لایەن تۆپخانەكانی توركیاوە بە تەواوی وێرانكراون و دانیشتوانی سەر سنوری عەفرین بەهۆی هێرشەکانی سوپای توركیا چۆڵ بوون.

زیاتر لە ۱۰ رۆژە بەسەدان خێزان لە چیاكاندان و نان و خۆراكیان پێنەگەشتووە و بە سەدان بریندار لە نەخۆشخانەكانی عەفریندا بوونیان هەیە٬ بەڵام هیچ دەرمان و پێداویستێكی پزیشكی پێویستی لێنەماوە و بەردەوامی بۆردومانەكانیش رێگرە لە تیمەكانی فریاكەوتن بۆ بەدەمەوەچوون و رزگاركردنی بریندارەكان.

بە پێی ئامارەكان تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 55 هاوڵاتی گیانیان لە دەست داوە زیاتر لە 150 دیكەش برینداربوون. جێی ئاماژەیە کە یازدە کەس لە گیان بەختکراوان مناڵن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان