بێ هیوایی لە نێو بومەلەرزە لێدراوانی سەر پێڵ زەهاو
بە پێی راپۆڕتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: مەودای ۵۰ شەو بە سەر بومەلەرزەی کرماشاندا تێدەپەڕێت کە بڕی ۲ هەزار گوند و ۶ شار بە هۆی بومەلەرزەوە توشی خسار هاتوون بەڵام تاکو ئێستەش گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە هەمبەر بارودۆخ و ژیانی خەسار لێکەوتوان بە دی ناکرێت.
بە پێی ووتەی دانیشتوانی سەرپێڵ زەهاو : لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تا ئێستە هیچ پێداویستیەک نەگەیشتوەتە ناوچەکان و ئەو یارمەتیانەی تا ئەم کاتە گەیشتونەتە دەستی خەسار لێ کەوتوان لە لایەن خەڵکەوە بەتایبەت شارۆمەندانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆکراونەتەوە. تا ئەم کاتەش بڕێک لە خەڵکی ناوچەکە خێوەتیان نەدراوەتێ و بەر کەشو هەوای ساردا و بە بێ سەر پەنا شەو دەگەیەننە رۆژ.
بە پێی ووتەی یەکێک لە شارۆمەندان: لەرۆژدا ۲ کاتژمێر ئاویان هەیە و بۆ دەستکەوتنی ئاو دەبێت لە شەقام بپەڕێنەوە و بە پێی وتەی سەرچاوەکان دوێنێ ژنێک بۆ وەرگرتنی ئاو لەشەقام دەپەڕایەوە کە توشی روداوی هاتو چۆ دەبێت و ترۆمبێلێک خۆی پیا دەکێشێت و گیانی لەدەست دەدات و ئەم شارۆمەندە دەڵێت کە هیوای بە ژیان نەماوە و بڕیاری داوە لە بەردەم قایم مەقامیەتی سەر پێڵ زەهاو ئاگر لە جەستەی خۆی بەر بدات.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ماوەیەدا تەنها لە راگەیاندنەکاندا دروشمیان داوەو تا ئێستە بە هانای خەسار لێ کەوتوانەوە نەڕۆیشتوون. شاری سەرپێڵ زەهاو زۆرتری زیانی لە بواری گیانی و مادیەوە لێ کەوتووە بەڵام تا ئەم کاتە هیچ یارمەتیەک بۆ ئەم ناوچانە نەنێردراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان