گیراوانی زیندانی خارپێت ٥٨ ڕۆژە بەردەوامن لە مانگرتن

بە پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: گیراوانی سیاسی کوردی زیندانی خارپێتی شاری ئەلعەزیز لە باکوری کوردستان، ٥٨ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە ، کە لە دژی فشارەکانی پاسەوان و بەڕێوەبەرە تورکەکانی زیندانەکە دەستیان پێکردووە.

گیراوانی سیاسی کوردی زیندانی خارپێت لە دژی بڕیاری بەڕێوەبەرانی زیندانەکە کە بە پێی بڕیارەکە دەبێت لە هەموو شوێنێکدا ناو و کۆد و تاوانی زیندانییەکان بە ملیانەوە هەڵبواسرێت، ماوەی ٥٨ رۆژە دەستیان کردووە بە مانگرتن لە خواردن، ئەو زیندانیانە بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکەیاندا تا ئەو کاتەی ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە.

ناوەندی رۆژنیوز لەم بارەوە نووسیویەتی کە خانەوادەی ئەو زیندانیانە کە دیسانەوە چوونەتە زیندان بۆ ئەوەی سەردانی گیراوەکانیان بکەن، بەڵام بەرێوەبەرانی زیندانەکە ڕێگایان پێنەداون و پێیان وتوون، تا کاتێک شوناسی زیندانەکەیان بە ملیانەوە هەڵنەواسن و مانگرتنەکەیان نەشکێنن، ڕێگایان پێنادرێت کەسوکارەکانیان ببینن.

ئەو خانەوادانە ڕاشیانگەیاندووە، کە ئەگەر بێدەنگ بن لە بەرامبەر ئەو زۆردارییانەدا، بە شێوەی بێسنوور زیاد دەکەن، بۆیە بڕیاریان وایە ببنە دەنگی زیندانیانی مانگرتوو لە دەرەوەی زیندان و بەرخۆدانەکەیان بەرفراوان بکەنەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان