بە هۆی تەقەی هێزە نیزامیەکان شارۆمەندێکی کورد رەوانەی بەشی ICU دەکرێت

بە پێی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: رۆژی دووشەممە ۲۷ی سەرماوەزی ئەمساڵ لە بازنەی تیکاب- تەختی سڵێمان شارۆمەندێکی کورد بەناوی کەریم سپێهری دەبێتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەو هۆیەوە بە توندی بریندار دەبێت و رادەستی نەخۆشخانەی تیکاب دەکرێت.

بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە KMMK: «هێزە چەکدارە حکومیەکان بە بێ ئاگادارکردنەوە و بە گومانی هەڵگرتنی کەرەستەی قاچاخ تڕۆمبێلی ئەم شارۆمەندە کوردە دەکەنە ئامانجی تەقە و لە ئەنجامدا لێخوڕی تڕۆمبێلەکە بە توندی بریندار دەبێت و تڕۆمبێلەکە وەر دەگەڕێت.»

ئەم سەرچاوەیە لە دێژەی قسەکانیدا دەڵێت: زۆربونی رێژەی برینەکانی ئەو کەسە دەبێتە هۆی بەربونی خوێن لە ئەندامەکانی ناوەندی لەشی و پاش نەشتەرگەری، کەریم سپێهری بۆ بەشی چاوەدێری تایبەتی نەخۆشخانەی تیکاب دەگواسترێتەوە.

هێزە نیزامی و ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەیان جار بە بیانوی هەڵگرتنی کەرەستەی قاچاخ دەست درێژیان کردووەتە سەر شارۆمەندانی کورد و دەیاندەنە بەر دەستڕێژی تفەنگ و بەو هۆیەوە لە چەندین جێگا شارۆمەندانی کورد گیانیان لەدەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ کوردستان