کارەسات / گرفتی تەندروستی و ڕۆحی لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان 

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان :گرفتی تەندروستی و دەواو و دەرمان لە ناوچە بۆمەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان وەک زەنگی مەترسێیکی گەورەی لێهاتوە بۆ سەر گیان و ڕۆح و ڕەوانی بەڵالێدراوان و ئەگەر ڕێکارێکی تۆکمە و کردەیی لە لایەن بەرپرسانەوە نەهاوێژرێت ئەگەری بڵاوبونەوە نەخۆشیینە ڤایرۆسییەکانی زۆرە .

هاوکات لەگەڵ پێداویستیە کانی نیشتەجێبوون و خواردەمەنی و جلوبەرگ ، پێداویستیە بێهداشتی و تەندروستییەکان بۆ ناوچە بۆمەلەرزەلێدراوەکان سەرەکیترین داخوازی و پێویستی ژیانیانە .

بەپێی ئەستانداردە جێهانییەکان لە کاتی ڕوودانی کارەساتی بۆمەلەرزەدا بۆ هەر ٢۰ کەس لانیکەم دەبێت ئاودەستێکی کاتی و بۆ هەر ٥۰ کەسیش حەمامێک دابین بکرێت . بەڵام لەو دەڤەرەدا بینا و پێداویستیە بێهداشتییەکان چەن قات کەمتر لەو پێوەرە دیاری کراوەن و ئەمەش بوەتە هۆی پیس بوونی فەزای ژیانی لێقەومانوان وپەرەسەندنی نەخۆشییە عەفونی و پێستییەکان کە زۆرترین قوربانی ئەو کێشە و گرفتەش ژنان و منداڵانن .

گرفتێکی تری چارەسەرنەکراو ، زۆری زبڵ و خاشاکە لەو ناوچەیەدا(شوێنی نیشتەجێکردنی جەماوەر) کە بە هۆی نەبونی شوێن تایبەتی زبڵەکان و تەنەکەی خۆڵ بۆ کۆکردنەوەی ئاشغاڵ و بەرماوەکان لە شوێنە گشتیەکاندا کە چادرەکانی لێدراوە .

ئەم گرفتە لە گوندەکاندا زۆرتر بەرچاو دەکەون و فراوانترە کە هیچ یەک لە دایرەحکومییەکان بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە هەنگاوێکی کردارییان نەناوە یان وەپشت گوێ خراون .

پشتگیری ڕۆحی و رەوانی و کۆمەڵایەتی تا ڕادەێیکی زۆر کێشە تایبەتەکانی ڕەوانی و ئازارەکانی بەڵالێدراوان کەم دەکاتەوە چونکە بە پێی دۆخی کوت و پڕی قەیرانەکان مرۆڤەکان لەو کاتانەدا خۆیان لێ ون دەبێت و هەست بە بێ دەرەتانی و پەشۆکاوی دەکەن و لەو ئان و ساتەشدا بۆ کەس چارەسەرناکرێت ، بەڵام جەوی پیس و پۆخڵی دەروبەری چادرەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی جەماوەرکە خۆی گرفتە ڕۆحی و ڕەوانییەکان چەن قات دەکاتەوە .

لە گرفتە چارەسەرنەکراوکانی تر، کەمی ئاوی خواردنەوە و پێداویستی ڕۆژانەیە بۆ ششتنی کاسەوکەویل و جلوبەرگ و حەمام و ئاودەستەکانە .

کەمی دەواو دەرمان و کەمی شوێنی حەوانەوە و پێداویستی بۆ خۆگرم کردنەوەش گرفتێکی جدییە .بەجۆرێک کە تا ئێستە چەندین دەوار بەهۆی شورتی کارەباو کەرەستەی خۆگەرمکرنەوەی نا لەبارەوە بونەتە قەرەپوو و زەرەری گیانی مادی بەدووی خۆێیدا هێناوە .

دابەش کردنی زۆر جۆرە کانکسی نا ئەستاندارد و بەکەڵک نەهاتوو و باش دانەمەزراو خۆی چەندین کێشەوگرفتی بارهێناوە و تا ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ گۆڕینی باردۆخەکە لە لایەن ڕێکخراوە حکومییەکانەوە لە بەرچاو نەگیراوە و ئەنجام نەدراوە .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان