بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: زیندانی سیاسی کورد «سیامەک ئەشرەفی» پاش تێپەڕینی ۶ ڕۆژ بەسەر مانگرتنی تەردا، ڕۆژی سێ شەممە ۷ی سەرماوەز لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بە دروونەوەی لێوەکانی دەستی دایە مانگرتن لەخواردنی وشک.
دەکوترێ کە مانگرتن لەخواردنی ئەم زیندانییە بەهۆی ڕێگری کردنی بەرپرسانی زیندان لەداواکاری ناوبراو بۆگواستنەوەی بۆ بەشی بەندکراوانی سیاسی بووە.
بەڵام سەرەڕای ناجێگری تەندرووستی ناوبراو بەرپرسانی زیندان ڕایان گەیاندووە کە: گەر مانگرتنەکەی ببێتە هۆی گیان لە دەست دانی ناوبراو، داواکاریەکەی کەبریتییە لەگواستنەوەی بۆ بەشی بەندکراوانی سیاسی ڕێگەپێنەدراوە وبەگوشار وهەڕەشە خوازیاری کۆتایی هێنان بە مانگرتنی ئەم زیندانییە سیاسییەی کوردن.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا: زیندانییەکی دیکەی کورد بەناونیشانی «هیواحوسەینی» لەناڕەزایەتی دژبەو تۆمەتانەی دراونە پاڵی ماوەی ۲۰ ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە.
ناوبراو هەموو ئەو تۆمەتانەی لێیان داوە بەساختە ودرۆ دەزانێ وبانگەشەی ئەوە دەکات کەلەکاتی ڕوودانی ئەو تاوانانە لەشاری سەقز نەبووە، بەڵام دادوەر بە بەڵگاندنی هەبوونی پێشینە ومێژووی چالاکی پێشووتری وبەگرنگی نەدان بە وتەکانی ناوبراو بەندکردنی بەسەردا دەسەپێنێ هەربۆیە ئەم هەواڵەی دادوەر مانگرتنی هیواحسێنی لێکەوتۆتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان