ئەشکەنجە دانی ئەفشین حسێن پەناهی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە قورسترین شێواز

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەفشین حسێن پەناهی چالاکی مەدەنی بەندکراو کە لە لایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەشت ساڵو نیو بەندیخانەی بەسەردا دەسەپێت، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەوشارەوە بەرەوڕووی ئەشکەنجەو ئازارێکی ئێجگار قورس دەبێتەوە و بەسەختی بریندار دەکرێت.

ئەفشین حسێن پەناهی برای رامین حسێن پەناهیە و پاش بریندار کردن و دەست بەسەر کردنی رامین، لە نێو ماڵی خۆی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەست بەسەر دەکرێت و دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە.

لەوبارەوە ئەمجەد حسێن پەناهی دەڵێت؛ «ئەفشین لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەخرێتە ژێر قورسترین شێوازەکانی ئەشکەنجە و بەو هۆیەوە بە قورسی بریندار دەبێت و دەڵێت؛ ناوبراو لەکارەبا دراوەو تەواوی نینۆکەکانیان دەر هێناوە و داوایان لێ کردووە کەر لەبەرانبەر کامێرەدا دژ بە بنەماڵەی خۆی قسەبکات بەڵام ئەفشین ئەو کارە ناکات و بەبۆنەی ئەشکەنجەوە سەری بەهۆی کارەباوە دەسوتێت و هەروەها ئەژنۆ و پشتی بە بەسەختی بریندار بووە و سەرەڕای ئەوەش لە گواستنەوەی ئەفشین بۆ نەخۆشخانە و خستنە ژێر چاوەدێری پزیشکی نکۆڵی دەکەن.»

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان