تاران: سومەییە کارگەر دەستبەسەر کرا

KMMK:

هەینی 25ی ڕەزبەری 2720ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری تاران ” سومەییە کارگەر” خوێندکاری فەلسەفە لە زانکۆی تەورێز و خەڵکی ئیلام ـیان دەستبەسەر کرد.

بە گوێرەی هەواڵەکە، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری تاران خاتوو سومەییە کارگەرـیان لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کردوە و لە کاتی دەستبەسەریدا دەستیان دایە پشکنینی ماڵی ئەم هاوڵاتییە کوردە و کەرەستە تاکەکەسییەکانی ناوبراو وەکوو لۆپ تۆپ و تلەفوونەکەیان دەستبەسەر کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا و بە پەرۆشییەوە بنەماڵەی کارگەر بەدوادچوون و پرسینەوە لە ڕێی دامەزراوە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران، لە لایەن دادسەرای ئێڤین لە گەڵ بنەماڵەکەی پێوەندیان گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە خاتوو کاریگەر لە پێوەندی لە گەڵ تاوان ئینتێرنێتی دەستبەسەر کراون.

شیاوی باسە کە، سومەییە کارگەر تووشبووی نەخۆشی تایبەتی چاوە و بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی خۆی پێویستی بە یارمەتییە.
جێی ئاماژەیە کە تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لە پێوەندی لە گەڵ ئەو تۆمەتە، ئەو دامەزراوەی دەستبەسەری کردووە و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاوڵاتییە ئیلامییە زانیارییەک بەدەستەوە نییە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەو 196 کەس لە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان