ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی لانی کەم ١٣ هاوڵاتی و بەردەوامیی بێسەروشوێنبوونیان


ک.م.م.ک:

بەپێی ڕاپۆرتەکان، شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و سەرەڕۆیانەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بەردەوامە. لە ماوەی ئەم حەوتوویەیەدا و لە کۆتایییەکانی مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، لانی کەم حەوت هاوڵاتیی خەڵکی پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی: محەممەد جەواد زەینیوەندی، مەجید پررەنگ، پژمان ئەسڵی‌مەرز، محەممەد پیری، ڕووحوڵڵا شەیخی، میڵاد تەبەرایی، پژمان ئەسڵی‌مەرز و ئارمین پیرانی، بێ پیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، سیرووس میرناسری، هاوڵاتییەکی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران، لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە. پێشتریش لە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندان، فەرشاد بەراتی هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری دەرگەز لە خوراسانی ڕەزەوی و دانیشتووی گورگان، دوای دەستبەسەرکردنی هێشتا چارەنووسی نادیارە و هیچ زانیارییەک لەسەری نییە.
سەرباری ئەمانە، سرووش کەرەمی خەڵکی کرماشان، حوسێن مێهرئەنگیز خەڵکی ئەسفەرایین و ڕەزا خۆشبونیاد خەڵکی دەرگەز کە لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ڕابردوودا دەستبەسەر کراون، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چل ڕۆژ هێشتا لە دۆخێکی نادیاردان و هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە بارودۆخی یاسایییان لەبەر دەستدا نییە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *