کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە لەبەر چاوگرتن ئەوەی کە زۆرێک لە هاوڵاتیانی رۆژهەلاتی کوردستان لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر و بەند کراون زۆربەی بەند کراوەکان ئەشکەنجە وئازار دراون، لە هەوڵ دایە بە کۆکردنەوەی شایەد نامەی ئەو کەسانە دەنگی هەڵبرێت بۆ کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە ئاگاداری دان بەکۆمەڵگای نێو دەولەتی لەمەڕ بە ئەشکەنجە وئازارلە گرتووخانەکانی ئێران وبەم جۆرە سەنەدیەتێک چێ بکات.
بۆیە داوادەکات بەندکراوە سیاسیە پێشووەکان یان ئەوانەی کە خۆیان شایەد حاڵی ئەشکەنجە بوون لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە پەیوەندی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بکات بۆ سەبت کردنی شایەد نامەکانیان.
فەرهاد گەرزە، کوڕی «عەتیە و رەحمان» چالاکی سیاسی کورد لەدایک بوی ساڵی ۱۳۵۲ی هەتاوی لە شاری مەریوان، لەم شایەد نامەیەدا، باسی گیان لەدەست دانی سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان و چۆنیەتی دەست بەسەربون، ئەشکەنجەو و زەخت لە سەر خۆی و بنەماڵەکەی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە دەکات.
ئەم وتووێژە لە بڕواری یەکی فوریەی ۲۰۱۶ لە لایەن راپۆرتێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەو ئەنجام دراوە و لە بڕواری ٢٤ی نوامبەری ۲۰۱۷ به پشتراست کردنەوەی بەرێز فەرهاد گەرزە گەیشتووە.
ئەم شایەد نامەیە کاردانەوەی رابردووی چالاکی سیاسی «فەرهاد گەرزە» لە گرتوخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە. فایلی دەنگی وتووێژەکە لە ئەرشیڤی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانە.
ناساندن وچالاکی
سەرەتا دەمهەوێت سپاسی بەڕێزتان وکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بکەم کە ئێمەتان بە سەر کردەوە وەک بەندکراوی سیاسی، من ناوم فەرهادە گەرزە ناسراو بە «هەڤاڵ خاکان» خەڵکی شاری مەریوانم وئێستە دانیشتوی وڵاتی بەریتانیام ولە شاری مەنچستەر نیشتەجێم.
من بەهۆی ئەوەوە کە باوک وبراکانم پێشتر بەشدای شۆرش وخەبات بوبون، باوکم لە شۆڕشی باشوری کوردستاندا بەشدار بووە لەگەڵ یەکیەتی نیشتمانی کوردستان ودواتر ئەوە کاردانەوەی لە سەر من هەبووە ولە سەر ئەفکار وبیرو بۆچونی براکانی ترم وبرای گەورەم لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا بە شداری کردووە وەک ئەندامی یەکێک لە رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وئە هەڵوێستانە کاردانەوەی لە سەر من هەبووە هەر لە سەرەتاکانی لاویەتیمەوە هەست وخولیای ئازادی کەوتوەتە مێشکم، بووم بەلایەنگری حیزبی دێموکراتی و سەرەتای دەستپێکی خەباتی رەسمی وئەکتیڤم لەو رێکخراوەدا بووە وەک تەشکیلاتی نەهێنی حیزبی دێموکرات لەساڵی ۱۳۷۲ی هەتاوی بۆ یەکەم جار، دواترلە ساڵی ۱۳۷۴ به هۆی ئەوەی کە ئەو تەشکیلاتە وڵامدەر نەبو بۆ ویستەکانی من لەگەڵ برایەکەم وچەند کەسی تری لاو وگەنجی شارەکەمان رێکخراوەیەکمان دروست کرد بە ناوی (هێرشی گەل) کە بەداخەوە بە هۆی بێ ئەزمونی و لاویەتیمانەوە هەڵەی زۆرمان کرد و زۆرێک لە ئەندامان گیران و کەشف بوین وبۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱۳۷۴ من کەوتمە بەندیخانەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان.
قۆڵ پێچ کران:
یەکەم جار ئەو برایەم گیرابو من ئاگادار نەبوم لە ماڵەوە دانیشتبوم شەو بوو چەند کەسێک بە جلی مەدەنیەوە هاتن تەقەیان لە دەرگا دا چومە خوارەوە وتیان براکەتمان ئەوێت، ئەوبرایەم کە ئێستا لەژیاندا نەماوە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە درا، بەدوای ئەودا هاتبون، منیش گومانم لێ کردن، وتم ئێوە کێن؟
وتیان ئێمە لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە هاتوین بەڵام بە زاراوەیان دا دیار بوو خەڵکی ناوچەی ئێمە نەبون هەستم کرد ئەوان مەعمورن و بەجۆرێک ئەیانەوێت فێڵ لەمن بکەن، وتم براکەم لەماڵەوە نییە چیتان ئەوێت؟ وتیان ئێمە خۆتمان ئەوێت لەگەڵمان بێیت چەن پرسیارێکت لێ ئەکەین ودەڕۆین، کە دەرگاکەم کردەوە پێشتر لەناو حەوشەکەوە قسەم لەگەڵیان دەکرد ئەوان لە دەرەوە بون، کەچومە دەرەوە یەکسەر کەلەپچەیان کردم و چاویان بەستم خستمیانە ناو تڕۆمبێلک وگیرام، هەر لە یەکەم ساتەکانەوە دامیانە بەر لێدان و بە قۆناقە تفەنگ دەیاندا بەسەرمادا کەبردمیانە نێو سەیارەکە دوو کەسی تر گیرابون نەمدەزانی کێن، کەدواتر زانیم یەکێک لەگیراوەکان براکەی خۆم بوو هەر لەوێوە دەستی پێکرد.
من سەرەتا زۆر شتم نەدەزانی دەربارەی شۆرش و ئازادی ومافخوازی و ئەوشتانە، بەڵام زیندان بوبە ئەزمونێک بۆمن، کەهاتمە دەرەوە ئەمجارە بە گڕوتینێکی زیاتر و چاوکراوەتر و ئاگاهانەتر کەوتمە دوای ئەهداف وئامانجەکانم و دواتر لەم حیزب بۆ ئەو حیزب و حیزبەکان پشتیان چۆڵئەکردین و ئێمەیش ناچار دەبوین پەناه ببەین بۆ لایەنێکی تر کە خۆیان ئەکتیڤتر دەر دەخست بەڵام ئێمە لە نێو رێکخراوەی پەژاک خۆمان دیتەوە و هەستم کرد کە ئەو دەتوانێت داخوازییەکانی ئێمە بەدی بهێنێت و ئەو ویست وئامانجانەی کە ئێمە ئەمانویست لە نێو ئەم بزوتنەوەیەدا کە بزوتنەوەیەک بوو زۆر نیزامی نەبو بزوتنەوەیەکی مەدەنی بوو بەشێوازێکی زۆر رێکو پێک و جوان شانە نەهێنیەکانیان دادەمەزراند، زۆر بەجوانیش توانیمان لە نێویاندا کار بکەین وپاش ماوەیەکی دور ودرێژ ئێمە کەشف کراین، یەعنی ئەوە زۆر سروشتی بو کەشف بونی ئێمە وگرتنی ئێمە.
راپۆرتێر: کاک فەرهاد گەر دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتەی کە گیران، لێکۆڵینەوەکان چۆن بوون؟ ئەوبرایەتان کە دواتر لە سێدارە درا، دەکرێت باسی ئەویش بکەن؟
بەڵێ من زۆر بە کورتی ئەمهەوێت باسی بکەم، لەبەر ئەوەی گەر بمهەوێت بە تەواوی باسی بکەم وەکو خۆی لەوانەیە لە چەندین رۆماندا جێگای نەبێتەوە ئەوەندە دورودرێژە، من تەنها دوو مانگ لە ئیتلاعات بوم لەوانەیە لەو دومانگەدا بە قەد دوو یان سێ ڕۆمان بەسەرهاتم هەبێت گەر بینووسم یان بمهەوێت باسی بکەم.
چونکە بە شێوازو تاکتیکی جۆراو جۆر ئازارت دەدەن، کەسێک دێت لێت دەدات کەسێکی تر دێت دەتلاوێنێتەوە، شێوازی جۆراوجۆر بەسەرتەوە تاقی دەکەنەوە، بەڵام سەرەتا کە دەڕۆیتە بەندیخانە شۆکێکت پێ دەدەن واتە بە شێوازێکی فیزیکی چاوت دەبەستن و چەند کەس دادەبارێن بەسەرتاو بە شەقو بە مشت وباتۆن لێت دەدەن جا دواتر دات دەنێن بۆ لێکۆڵینەوە و بە هێمنی پرسیارت لێ دەکەن و لە لێپرسینەوە کاندا کە هەستیان کرد ناتەوێت زو خۆت بدەی بە دەستەوە دواتر دەست دەکەن بە هەڕەشەو وادەو پێشنیارت پێ دەدەن.
دەڵێن پارەت دەدەینێ هەرشوێن و پۆستێکت بوێت دەتدەینێ، بۆ نمونە بەمنیان دەوت تۆ خوێندەواریت زۆر نییە، دیپلۆمت هەیە، بەس ئەتوانین زۆر بەڕێوەبەریمان هەیە پێویستی بە تەخەسوسی ئەوتۆ نییە وەکو نەهێشتنی نەخوێندەواری وەکو شەبەکەی تەندروستی و مێشەوانی (جنگلبانی) ئەوکەسانەی کە تۆبە دەکەن و خودەدەن بەدەستەوە زۆربەیان لەو دامو دەزگایانە دەبرێنە سەر کار، دەتوانین شوێنی باشیش بە تۆ بدەین تەنانەت گەر حەزت لە بەرپرسیش بێت دەتکەین بە بەرپرسی یەکێک لەو ئیدارانە.
ئەمانە هەموی وتەی دەزگای ئیتلاعاتە، مەبەستی من بێ ڕێزی بەو کەسانە نیە لەو شوێنانە ئیش دەکەن، بەڵام کە زانیان من خۆم بەدەستەوە نادەم بە هەڕەشەو گوڕەشە و لێت دەدەین وئەتکوژین و قسەیان دەکرد، گەر ئەوانەش کاریگەر نەبون دەست بەکار دەبن و ئازاری جەستەیی و فیزیکیت دەدەن، بۆ نمونە من دەستەو قەپان کرابوم بەو جۆرە هەڵیان واسیم کە پێم وایە ئەو هەڵواسینە زۆر زۆر دژوارە، چوار تاپێنج کاتژمێر دەتهێڵنەوە تاکو زۆرت بۆ دێت و هاوار دەکەی و دەڵێیت من قسە دەکەم و دات دەگرن تاکو دەحەوێیتەوە و دەتوانی هیچ نەڵێیت، لەو کاتەدا مرۆڤ دەکەوێتە نێو دووڕیانی کە چی بڵێم وچی نەڵێم، بەڵام هەرچی بیرم لێ دەکردەوە و بە پێی ئەزمونی هەڤاڵان وهاوڕێیانم کە پێشتر دەستبەسەر کرابوون و لەخزمان وبرادەرانم بیستبوو، کە تا زۆرتر بەرخۆدان بکەی بە قازانجتە نابێت هەڵبخڵەتێیت بەو بەڵێنانەی ئەوان گرفتی تۆ زۆرتر دەبێت، بۆ نموونە لەوانەیە لە سێدارە بدرێیت و زۆر شتی تر، بە بۆنەوە تۆش مەجبوری فێڵ لەوان بکەیت، زۆر جار وچانێک بەخۆت دەدەیت و دواتر دەڵێیت هیچ قسەیەکم نییە وبەلاڕێیاندا دەبەیت تا ئەو شوێنەی بۆمان کرد خۆڕاگریمان کرد، پراکتیکیەن و کرداریەن ئەوەمان سەڵماندووە، بەختەوەرین بەوەی کە لەو ماوەدا کە ئێمە گیراین کەسی تر بە هۆی ئێمەوە نەگیرا و کەس قاچاخ نەبووەو شانەکان ئیشی خۆیان بە بەردەوامی کردووە.
لەسێدارەدانی برای فەرهاد لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە
ئەو برایەم ناوی کەمال بوو خۆی ناساندبو بە «مامیار» لەبەر بواری ئەمنی و پاراستن کۆدی بۆخۆی هەڵبژاردبو، بڕێک بەڵگە و پرۆڤی لە چەند شوێن گیرابون بە دەستی چەند هاوڕێیەکیەوە و لە چەند شوێن گیرابو، دروست کردنی ئەو رێکخراوەیە بە پێشنیاری ئەوبوو و لە سەربێرۆکەکەی ئەو بوو، هەرچەند کە من یارمەتی زۆرم دا بەڵام دامەزرێنەری سەرەکی رێکخراوەی هێرشی گەل براکەم بوو.
هەربەو هۆیەوە هەمو تاوانێکی لە ئەستۆی خۆی گرت و چڕەرین گوشاروئەشکەنجەکان لەسەر ئەوبوو، سەرەڕاری ئەوەش دانپیانانی زۆری نەبوو و کەسی نەدا بەدەستەوە وتەنها لەسەر خۆی دنپیانانی هەبوو، کە بەڵێ من لەم کردەوەیەدا من دەست پێشخەر بووم.
دواتر بەوهۆیەوە هەشت ساڵ بەندیخانەی بەسەردا سەپێندرا و دور خرایەوە بۆ شاری خەڵخاڵ ولەوێ توانی لە بەندیخانە هەڵ بێت ورۆیشتە باشوری کوردستان، بەڵام لەوێ بەداخەوە یەکیەتی نیشتمانی، من بۆیە ناوی یەکیەتی نیشتمانی راستەوخۆ دێنم، ئێمە بەڵگەمان هەیە کە یەکیەتی نیشتمانی راستەوخۆ براکەمی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی دەست بەسەر دەکات و رادەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەکەنەوە و لە ساڵی ۱۳۷۹ی هەتاوی پاش ۱۱ مانگ بەندیخانە و ئەشکەنجە لە گەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی «بەختیاری حەبیبی» کە دانیشتوی جوانڕۆ دەبێت لەسێدارە دەدرێن وشەهید دەکرێن.
بەردەوامی خەبات
پێش دروست بونی پەژاک لە ساڵی ۱۳۷۹ دا کە براکەم لە سێدارە درا، پاش ماوەیەکی کورت بەسەر تێپەڕین پرسانەی براکەم، هاوڕێیەکی خۆم هەبوو لەگەڵ هەڤاڵان لە پەیوەندیدا بوو، لەگەڵ هەڤاڵێک وتووێژی کردبو، ئەو هەڤاڵانە بەشداری پرسەی براکەمیان کردبوو، ئێمە نەماندەزانی کە ئەمانە هەڤاڵانی پارتی کرێکارانی کوردستانن (پە کە کە)ن کە بەشدار بوون لە پرسانەکەدا، زۆربەی ئەو گەنجانەی کە بەشدار بون لە پرسانەکەدا لە لایەن هەڤاڵانەوە خرابوونە ژێر چاوەدێری بۆ ئەوەی بزانن هەڵسوکەوتیان چۆنە وچۆن نییە، دواتر یەکێک لەو هەڤاڵانە خۆی لە من نزیک کردەوە لە لایەن ئەو هاوڕێمەوە و هاتنە ماڵی ئێمە و خۆی پێ ناساندم و داوای لێ کردم کە من کومێتەیەک دروست بکەم لەمەریواندا، بە ئامانجی هاوکاری لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان.
پێم وابێت لەو کاتەدا پە کە کە ناوی خۆی گۆڕیبوو، لە کۆنگرەدا بە ناوی (کادک) کۆنگرەی ئازادی و دێموکراسی کوردستان، من کە لەگەڵ ئەو هەڤاڵە قسەم کرد سەرەتا پێم گوت، کە من شتی وا ناکەم و ئەویش وتی بۆ، ترساوی؟ کە براکەت لە سێدارە درا تەواو؟ شۆڕش وەستا؟ تۆئەبێت بیر لەوە بکەیتەوە کە درێژەدەری رێگاو ریبازی براکەت بیت، باشترین پاداشت بۆ شەهیدان درێژە دان بە ڕێگاکەیانە، منیش وتم هەڤاڵگیان من ئەمەوێت خەبات بکەم، بەڵام لە حیزبێکدا کە خاوەنداریەتیمان بکات، گەر کێشەیەکمان بۆ بێتە پێش، وەکو وڵات پارێزێکی خۆی وەکو ئەندامێک و لایەنگرێکی خۆی خاوەنداریتیمان بکات، من بنەماڵەم هەیە خوشک و برام هەیە منداڵم هەیە تەنها کاسبکاری ماڵەوەم، گەر من بگیرێم ئەمانە چی لێ بکەم؟ من برایەکم شەهید بووە تەنانەت نوسراوەیەکیان بۆ نەناردین لەلایەن ئەو حیزبانەوە، تەنانەت تەنها دڵگەرمیەکی دایکمیان نەداوەتەوە، کەس نەهات بەهانامانەوە، ئەوهەڤاڵە وتی؛ خەباتی ئێمە نوێترە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی پێشکەوتنی ئێمە خاوەنداریەتی ئەندامان و لایەنگران و وڵات پارێزێزانی خۆمانە، گەر ئەوە کێشەو گرفتی تۆیە ئێمە خاوەنداریەتی تۆ دەکەین بە هەمو توانایەکمانەوە.
منیش هەر لەوێدا بڕیارم داو وتم من ئامادەم ئەوکارە بکەم، لەگەڵ ئامۆزایەکم کە ئێستە لە ژیاندا نەماوە شەهید کرا لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەناوی شەهید «بەختیار»، لەگەڵ شەهید بەختیار و ئەو هاوڕێیەی دیکەمان کە لەبەر پارێزگاری ناتوانم ناوی بەرم، یەکەمجار لە ماڵی خۆمان بە هاوکاری ئەو هەڤاڵانە کۆبونەوەمان ئەنجام دا و کومێتەمان راگەیاند.
واهەست دەکەم ئێمە یەکەم کومێتە بوین کە لە مەریوان پێک دەهات و دەستمان بە چالاکی کرد، پاش ۲ بۆ ۳ ساڵ پێم وابێت لە ساڵی ٨۳ دا بوو کە پەژاک لە کەناڵی «رۆژ تی ڤی» دا راگەیەندرا، ئێمە زۆر بەو هەواڵە دڵخۆش بوین، ئەو هەڤاڵە پێی وتین کە دەبێت رۆژهەڵات رێکخراوەیەکی سەربەخۆی هەبێت، ئەو سیستەمەی کە سەرۆک (عەبدوڵا ئۆجالان) ئاماژەی پێ کردووە کاری لەسەر کراوە بەڵام تا ئێستە هیچ شتێک بە فەرمی رانەگەیەندراوە بۆ رۆژهەڵات، شەوێک دانیشتبوین کە پەژاک رایگەیاند و بەڕێز «حاجی ئەحمەدی» وتووێژی لەسەرکرد، سەبارەت بە ئامانجەکان و دۆزەکانی.
من لە ساڵی ۷۹ دا بوو کە دەستم کرد بەچالاکی لەگەڵ هەڤاڵان و پاش راگەیاندنی پەژاک هەر بەشدار بوم زۆر بە ئەکتیڤی، پێش سەرهەڵدانی پەژاک چەند هەڤاڵێک لەگەڵ یەکێک لە هەڤاڵان کە بە خۆشحاڵیەوە ئێستەش لە ژیاندا ماوە هاتنە ناوچەی مەریوان بە مەبەستی چالاکی و ئاشنابوون لەگەڵ ناوچەکە وهەڵگرتنی خەریتە وبەدەست هێنانی زانیاری، من یەکەم کەس بوم کە بەرەو پێشوازییان رۆیشتم، ئەو گروپەی هەڤاڵان (کە پەژاک نەبولەو سەردەمەدا پەژاک رانەگەیەندرابوو) لە سەر سنوور مابونەوە، پێشیان کەوتم وبوم بە رێنمایان وهینامن بۆ ناوچەی مەریوان، لە بیرم دێت کە ۱۰ کەس دەبون، دابەش بون بە دوو گروپی پێنج کەسی و گروپێکیان بەرەو هەورامان بەڕێ کەوت و گروپەکەی تریش لە ناوچەی مەریوان و گوندەکانی مانەوە، ولەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدا بوین، خواردن و دەرمانمان بۆ دەبردن، گەر هەڤاڵێک باری تەندروستی تەواو نەبوایەت دەمانهێنا بۆلای دکتۆر وچارەسەرمان دەکرد، چالاکیمان درێژەی هەبو هەتا ساڵی ۱۳٨٦ لەگەڵ هەڤاڵان بەڵام لەساڵی ٨٦ دا کەشف بوین و دەست بەسەر کراین.
بەڵام پێش گرتنی من بەختیاری کوڕە مامم گیرابوو و هەڵهاتبوو لەدەستیانەوە، دواتر کە من دەستبەسەر و پاش دەستبەسەریم و پاش دوو سێ مانگ دەڕۆن کە بەختیار بگرن بەڵام دیسان هەڵهاتبوو لەگەڵ برازایەکەم.
کۆشتنی «ئامۆزا و برازا» لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە
ئەو برازایەشم ئەو رۆژە بۆ کەسابەت لەگەڵ بەختیار رۆیشتبوو، ئیتلاعات دەکەونە دوایان و لە بەردەم مەحکەمەی شاری مەریواندا دەسترێژی گولەیان لێ دەکەن و لەوێدا دەستبەجێ برازاکەم کە ناوی (وریا) دەبێت گیانی لەدەست دەدات و شەهید دەبێت و بەختیاریش بریندار دەکرێت، دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە، بەڵام لە نەخۆشخانە خەڵک دەیڕفێنن وناهێڵن کەوێتە دەستی حوکمەت ودەیگەیەننە شاری سنە، ولە سنە دەرمان خواردی دەکەن وشەهیدی دەکەن.
من لەو کاتەدا لە ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کرابوم پاش چوار مانگ گەڕێندرامەوە بۆ شاری مەریوان، لە ئیتلاعاتی مەریوانەوە بانگهێشت کرابوم بە تەنها، شەو بوو چاومیان بەستبوو وتیان ئێمە سبەی دەتدەین بە بەندیخانەی گشتی بەڵام هەواڵێکی ناخۆشمان هەیە بۆت، من نەمدەزانی چییە، تەنانەت بیریشم لەوە نەدەکردەوە کە شتێکی وەها روی دابێت، لێکۆڵەرەکە وتی برازاکەت وئامۆزاکەت کوژراون و وتی ئێمە ئەوەش دەزانین کە برازاکەت بێتاوان بووە بەڵام بە رێکەوت پێوە دەبێت، تاوانی بەختیار بوە هۆی گیان لە دەست دانی برازاکەت، منیش تۆزێک پێکەنیم و وتم چوار مانگە ئەشکەنجەم دەدەن ئێستەش بەم شێوەیە دەتانهەوێت ئازارم بدەن، بۆ وازم لێ ناهێنن، لێکۆڵەرەکە وتی ئەشکەنجەت نادەی بڕوام پێ بکە، ئەوێدا بە ئەنقەست ویستی تێکم بدات، وتی گەر من ئەشکەنجەت بدەم لێکۆڵێنەوەی سنەیشم پێ باش نییە، هەر ئێستە سەر لەنوێ لێکۆڵینەوەت لەسەر دەکەمەوەو چوار مانگی تر لێرە دەتهێڵمەوە، بەڵام من ئەوەت پێ دەڵێم، دواتر کە ڕۆیشتمە نێو بەندیخانە پێیان وتم کە برازاکەت و ئامۆزاکەت شەهید بوون، بەختیار پاش بیست رۆژ شەهید دەکرێت بە برینداری گواسترایەوە بۆ سنە و لەوێ شەهیدی دەکەن.
گرتنەکان
من پێشتر«پێش ساڵی٨٥ی هەتاوی» چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتەوە گیرابووم لە ساڵەکانی ۷۹ یا ٨۰ دا بوو، کۆنگرەی گەڵ بەسترا لە قەندیل، من لەلایەن ئەو هەڤاڵەوە کە یەکەم کومێتەی بۆ دامەزراندین بانگهێشت کرام، رۆیشتمە نێو کۆنگرە و پاش گەڕاندنەوە لە سنوری پیرانشار لەماڵێکی بە رواڵەت وڵات پارێز بووم بەڵام خەیانەتیان لێ کردم و بە گرتیان دام، لە ئیتلاعاتی پیرانشار زۆر ئەشکەنجە کرام و دواتر رادەستی بەندیخانەی ورمێ کرام، چەندین جار ئەزموونی بەندیخانەو ئەشکەنجەو ئیتلاعات و لێکۆڵینەوەو ئەو شتانەم هەبووە، سەرەڕای ئەوانە دوایین جار کە لە سەر پەژاک گیرام، بە دشوارترین شێواز ئەشکەنجە درام وئەو ئەشکەنجانەی ئەم جارە لەگەڵ ئەوانی تر جیاواز بون، هەڵواسینەکان، دەستەو قەپانەکان، هەڕەشەکان، هەڕەشەیان دەکرد کە ئوتوو دێنن بە پشتما و دەیانوت هاوژینەکەم دێنن ولەبەرچاوی من دەست درێژی دەکەن سەر، جنێوی ناشیرین ونەشیاویان پێ دەدام، ئەمانە دەکەن بۆ ئەوەی کە بوڕووخێنن، دەیانگوت تۆ چەندین جار گیراوی وفێڵت لە ئێمە کردووە و هەر لەسەرەتاوە تاوانبار بوی وئەبوا پێشتر لە سێدارە بدرایەیت بەڵام ئەمجارە لە دەستمان بزر نابیت، منیش دانم بەهیچ شتێکدا نەدەنا، بەوەی کە من لایەنگری حیزب بم و حاشام لێ دەکرد ودەمگوت من ئاگام لە هیچ شتێک نییە و نازانم باسی چی دەکەن.
ساڵی ۱۳٨٦ لە بەندیخانە بوم بە هۆی کێشەیەکی ترەوە گیرابوم، ترۆمبیلێکم هەبو کەسێک بردبوی ودەعمی پێ کردبوو کە وەک سیناریۆیەک وابوو. ترۆمبیلەکەم لە لایەن کەسێکی ئیتلاعاتیەوە دەدزرێت و دواتر چەند کەسێکیان هێنابوو کە ئەوانیش خۆیان بۆ ئیتلاعات ئیشیان دەکرد، یەکێکیان سەرهەنگی سپا بوو بەناوی (عێزەت ئەحمەدی) خەڵکی گوندێکە لە بەینی سنە ومەریوان بە ناوی بەرقووڕو.
چەند کەسێکیان کرد بە دادبەر لە حەنای مندا بۆ ئەوەی من بکەومە بەندیخانە و توانیان کە من بەند بکەن. منیان لەوێ هێشتبوەوە بۆ ئەوەی زانیاری تەواو لەسەر من کۆ بکەنەوە و لەو مەودایەدا نەتوانم هەڵ بێم، پێش دادگای و لێکۆڵینەوە وەک بارمتەیەک منیان دەست بەسەر کردبوو بەو سیناریۆیەی کە دروستیان کردبوو.
لە بەندیخانەی گشتی شاری مەریوان بوم کە ئیتلاعات هاتن بە دوامدا و منیان کەلەپچە کرد وبە لێدان و بێ رێزی و پاڵنان هێنامیانە دەرەوەو سواری ترۆمبیلێکیان کردم وبردمیانە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، سێ رۆژ لەوێ بووم، دوو هەڤاڵی تریشم گیرابوون، ئەوان تەنها هاوکاریەکی بچوکی منیان کردبوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ من لە پەیوەندیدا بوون و هاتوچۆی بنەماڵەییمان هەبوو گیرابون، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە هیچیان بە دەستەوە نەگیرابوو و زۆر بە جوانی بەرخۆدانیان کرد، پاش ۳ رۆژ ئیتلاعاتی شاری سنە داوای کردین و بەڕێیان کردین بۆ ئەوێ، بەوهۆیەی کە ئەوان بۆ دۆسیەی پەژاک شێوازێکی تایبەتیان هەبوو، لە لایەن میتی تورکیاوە پەروەردەیان درابو وبە شێوازی تایبەت بە «ژیتەمی» تورکیا دەیان ویست لەگەڵمان هەڵسوکەوت بکەن و لە شاری سنە ئەشکەنجەی سەرەکی دەستی پێ کرد.
ئەشکەنجە
لە مەریوان زۆرتر ئەشکەنجەکان فیزیکی بون وەک هەڵواسین و لێدانو زۆر شتی تر، بەڵام لە ئیتلاعاتی شاری سنە لە پاڵی ئەشکەنجەی فیزیکی زۆرتر ئەشکەنجەی دەرونی دەدراین بۆ نمونە دەیانبردین و بە شێوەی شانۆگەری لە سێدارە دەدراین یا تیربارانیان دەکردین، چاویان دە بەستین و پاڵیان دەداین بە دیوارێکەوە دەستیان بەرز دەکردینەوە لولەی چەکەکانیان دەنا سەر سەرمان بەڵام گولەی بێ مەرمی تێدا بوو، کە دەیان تەقاند دڵمان سارد دەبوەوە، پپێمان وابوو بەڕاستی گولەمان پێوە دەنێن، لەوکاتەدا بە هۆی ترسەوە ئاگامان لە خۆمان نەدەما، ئێمە خۆمان ئامادە کردبو بۆ مردن بەڵام لە دوایین کاتەکاندا بە هەۆی ئەوەی کە نازانی مردن چۆنە وشێوازەکەی چۆن ئەبێت توشی شۆک دەبیت، پاشان کە چاوت دەکەنەوە بڕوا ناکەی پێت وایە خەوێکت بینیوە، ئەوە یەکێکە لەو ئەشکەنجە دەرونیانەی کە لەسەرمان تاقی دەکرایەوە.
پەیوەندی تەلەفونی دەکەن بە بنەماڵەتەوە دەڵێن وەرە لەگەڵ بنەماڵەکەت قسە بکە، وەعدی ئەوەت دەدەنێ کە دەهێڵن بنەماڵەکەت چاویان پێت بکەوێت یا خود بە تەلەفون قسەیان لەگەڵ بکەیت بۆ ئەوەی کە بڵێن ئەم کەسە باشەو هیج کێشەیەکی نییە، بەڵام ئەوەش دەکەن بە ئەشکەنجەیەکی دەرونی، بۆ نمونە لە گەڵ کچەکەم کە لەو کاتەدا ۳ ساڵ تەمەنی بوو ویستم قسەی لەگەڵ بکەم بەڵام نەیانهێشت پێکەوە قسە بکەین، ئەوە بابەتە بۆ ماوەی چەند رۆژ لە مێشکی مندا هاتووچۆی دەکرد، دواجار لە سەرئەوە کاریان دەکرد، دەیانگوت پێت خۆشە بەڕێیتەوە بۆلای منداڵەکەت، بیبینیت ودەستی بگری و بیبەیتە بازاڕ؟
یان پێت خۆشە ۳۰ ساڵ لە بەندیخانە بمێنیتەوە یا خود لە سێدارە بدرێیت، ئەوشتان لە مێشکت دا ئەوەندە هاتووچۆ پێ دەکەیت کە لەوانەیە نەتوانی بەرگری لەخۆت بکەیت وتەن بدەیت بە داخوازیەکانیان، بەڵام من بیرم لەوە دەکرەوە کە ئەمانە تەنها فێڵێکن کە لە منی دەکەن و بەرخۆدانم دەکرد، دەمگوت بەڵێ پێم خۆشە چاوم پێی بکەوێتەوە، بەڵام ئێوە ئەتانهەوێت من چیتان بۆ بکەم؟ من چیم کردووە کە مەرجی هەبێت بۆ گەڕاندنەوەم بۆ لای بنەماڵەکەم؟ دەمگوت پێویست بە هیچ مەرجێک ناکات.
خۆیان دەیانهەوێت وەک حکومەتێکی یاسای بەنە بەر چاو، هەر چەند بەکۆمەڵ خەڵک لە سێدارە دەدەن و ئەوەی کە ئیتلاعات لە دادستان و مەحکەمە داوای دەکات زۆر گۆڕانکاری تێدا ناکرێت و هەر ئەو داواکاریەی ئەوانە لە سەرت دەبێت بە بڕیار و بەڕێوە دەچێت، بەڵام زۆر جارچاوپۆشی دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان یاسایی بخەنە بەر چاو که دەبینن دۆسیەکەت زۆر قورس نییە و یا خود دەنگی تۆ بگاتە کۆمەڵانی مەفی رۆڤ و رێکخراوی نێونەتەوەی وئەو شوێنانەی کە پشتگیری لە مافی مرۆڤەوە دەکەن، رەنگە بڕێک چاوپۆشیت لێ بکەن، دوهەم بە هۆی ئەوەی کە لەو کاتەدا برازایەکم وئامۆزایەکم شەهید کرابون بەدەستی ئەوان و بە بێ لێکۆڵینەوە، ئەوە تا رادەیەک بوە هۆی چاوپۆشییان لە سەر دۆسیەکەی من، لە بەر ئەوەی کە دادستان بڕیاری سێدارەی لەسەرمن دەرکرد، بەڵام لە پڕ سێدارەکە گۆڕدرا و بو بە سێ ساڵ بەندیخانە.
هۆی دەسبەسەریەکەیان کەی پێ راگەیاندن؟
من لە رۆژی سێهەم کە لە ئیتلاعاتی مەریوان گیرابوم، پاش سێ رۆژ ئەشکەنجە کە هەمو لەشم خوێن بوو، خوێن بە دەم و لوتمدا دەهاتە خوارەوە وهەردو دەستەکانیشم بە هۆی ئەوەی کە کەلەپچەیان لە دەستم توند کردبو وبەهۆی لێدان و ئازار خۆم با دابو خوێنیان لێ دەتکا، چاوم بەسترابو کاتژمێر ۱۱ بۆ ۱۲ی شەو بوو، بردمیانە ژورێک پێڵاوەکانیان دەر هێنام چاومیان کردەوەو رۆشتنە دەرەوە، لە پێش خۆمدا کەسێکم بینی کە پێشتر لە مەحکەمەی مەریوان چاوم پێی کەوتبو، بەهۆی ئەوەی کە من بۆ ماوەی ۱۰ ساڵ لە بەردەم مەحکەمەی مەریوان نامە نوس بوم و دوکانی فتۆکۆپی و نامە نوسیم هەبو، ئەو کەسەیشم دەناسی ناوی «حاتەمی» بو دادوەری ژوری ۲ی مەحکەمەی مەریوان کردبویان بە دادستان، ئەویش منی دەناسی زۆر جار بە هۆی نامیەک یا خود فتوکۆپیەک کە لێی تێ نەدەگەیشتن دەڕۆشتم و یەکترمان دەبینی.
پێی وتم تۆ چیت کردووە؟ هەموشتێکم پێ بڵێ، منیش پێم وت ئەمە کەی یاسایە بۆ ئێوە لە یاسادا ناڵێن دانپیانان لە ژێر ئەشکەنجە هیچ بڕوایەکی لەسەر نییە؟
ئەوەتە من هەمو لەشم خوێنە تۆش لێرە دادوەری، من سێ رۆژە ئەشکەنجە دەدرێم، ئێستە دەتهەوێت چیت پێ بڵێم، من هیچم نییە بۆ وتن.
بەڵام ئەو وتی؛ ئەوان هیچیان لێ نەکردوی، ئەوانەی کراون هیچ نین، تۆ ئەوانە بە ئەشکەنجە دەزانیت؟
وتی؛ شتەکان بڵێیت باشترە، با لەوە زیاتر ئەشکەنجەت نەدەن، وتی من ناهێڵم ئەشکەنجەت بدەن و دەتبەین بۆ بەندیخانە.
بەڵام پێی نەوتم مەودای دەست بەسەر بونەکەم چەند دەبێت، بە پێی یاسا ئەبێت پێت بڵێن کە تۆ ئەوەندە رۆژ لە ژوری تاکە کەسی دەمێنیتەوە تاکو لێپرسینەوەکان کۆتاییان پێ دێت و دواتر دەدرێیتە مەحکەمە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەشکەنجەی دەرونیت بدەن ئەوەت پێ ناوترێتو نازانی چەند رۆژ لە ژوری تاکە کەسی دەتهێڵنەوە وبە حەزی خۆیان پێی زیاد دەکەن، لە دە رۆژەوە بۆ نۆ مانگ بۆی هەیە بوهێڵنەوە و زۆرتریش، لە ژوری تاکە کەسیدا کە دشوارترین شێوازی ئەشکەنجەیە (یەک مەترە لە یەک مەتر ونیو) شوێنی ئەوەت نییە تیایدا بخەوی، لەوێ دەتهێڵنەوە، لە پڕ لە کاتژمێر ۲ی شەو، ۳ی شەو، زۆرترین کات ۴ی شەو دێن و بانگت دەکەن و دەتبەن بۆ لێپرسینەوە وئەشکەنجە، پێش هەر لێکۆڵینەوە لێت دەدەن بە خراپترین شێواز بۆ ئەوەی بتحەپەسێنن وشۆک بیت و کۆنتڕۆڵت نەمێنێت و هەرچییان ویست تۆ بیڵێیت.
شێوەو و ئامێرەکانی ئەشکەنجە چی بوون؟
جۆری زۆریان هەیە، تەنانەت کورسی کارەباییشیان هەیە، لەسەری داتد دەنیشێنن و دوو شتی خڕ دەخەنە نێو دەستت کە وایەری پێوەیە، کاتێک کارەباکە لێت دەدات شۆکێکی زۆرت پێ دەگەیەنێت کە جار وا هەبووە ئەو کەسانەی کە بەو شێوەیە ئەشکەنجە دراون توشی بەر بونی خوێن لە ئەندامەکانی ریخۆڵە و مەعیدە هاتوون.
کڵاوی دەنگییان هەیە دەیکەنە سەرت و تکەیەک ئاو بەردەدەنەوە بەسەرتا. بەو هۆیەوە مێشکت دەشڵەژێنن.
گۆرانی بێژێکی کورد هەیە بە ناوی (شەهرام نازری) لە کاتی ئەشکەنجە گۆرانیەکانی ئەویان دەگرت کە دو هۆکاری هەبو، یەکەم: بۆئەوەی بەندکراوان گوێیان لە هاواری یەکتر نەبێت، دووهەم: ئەوەندە ئەو گۆرانیە سبەی تا شەو بەدەنگی بەرز لێدەدەن کە دەستم دەگرت بە گوێچکە کانمەوە ئەوەندەی ئازار دەدام و مێشکم هیچی تری وەر نەدەگرت، نمونەیەکی تر ئەوەیە کە؛ خواردنی زۆرسوێریان دەداینێ، بەوهۆیەوە زۆر تینومان دەبوو بەڵام ئاویان نەدەداینێ تاکو وات لێ دێت بۆ تۆزێک ئاو دەپاڕێیتەوە و دەڵێیت هەرچیتان بوێت ئەیڵێم بەڵام تۆزێک ئاوم بدەنێ، ئەمانە بەشێکی بچوکن لەو ئەشکەنجانەی کە تاقی دەکەنەوە بەسەر بەندکراواندا.
جورێکی تری ئەشکەنجە بێ دەنگی بوو، ئەو بێدەنگیانە دەبو بە هۆی ترسو و هەراسێک و زۆر ترسێنەر بوو، وا هەست دەکەی کەس لە ژورەکان نەماوە و بەس تۆ لەوێیت وبەجێ ماوی، وادەزانی ئەوانی تر هەمویان یان لە سێدارە دراون یان ئازاد کراون.
من پێنج مانگ لەوێ بوم بەس دەنگی گۆرانی شەهرامی نازریم دەبیست وهیچ دەنگێکی تر نەدەبیسترا، ئەویش دەنگێکی زۆر بەرزی هەیەو تەواو دەنگیان دەکرد کەزۆر ئازاردەر بو.
ئەنواعی ئەشکەنجە هەیە بۆ نمونە؛ جۆرێک لە هەڵواسین هەیە کە خۆیا پێی دەڵێن (جوجە کەباب) بە حاڵەتێکی چەماوە کەلەپچەت دەکەن و بۆریەک لە ژێری دەست و ئەنیچکەی قاچت دادەنێن و بەو شێوە هەڵت دەواسن، کە زۆر دژوار و ئازاردەرە هەم لە باری جەستەیی و هەم دەرونیش ماندوت دەکات، پێم وایە خۆڕاگری جەستەیی و دەرونی سنورێکی هەیە و تەواو دەبێت.
ئەو ئەشکەنجانە قۆناخین، واتە بە پێی بەرخۆدانی تۆ لەگەڵت دێنە پێش، کاتێک تۆ خۆت نادەی بەدەستەوە و زانیارییان نادەیتێ، شێوازی ئەشکەنجەکان دەگۆردرێت و هەمو جۆرە ئەشکەنجەیەک لە سەر من تاقی کراونەتەوە.
چەند مانگ لە ژورە تاکە کەسیەکانی ئیتلاعات مانەوە؟
زۆر ترین کات کە لە ژورە تاکە کەسیەکاندا بووم ئەم جارەی دوایی بو کە چوارمانگ درێژەی هەبو، جارەکانی تر، ۴۵ رۆژیەک، ۵۲ رۆژیەک، ۲ مانگیەک، ۳ مانگیەکم هەبوو.
بە پێی ئەو هەواڵانە کە بە ئێمە گەیشتووە و بیستراون وەک بەندیخانەی کەهریزەک کە دەڵێن دەست درێژی سێکسی کراوەتە سەر خەڵک، ئایا شتی وا هەبو؟ یا خود بۆ خۆتان یا هاوڕێکانتان رووی نەداوە؟
رەنگە زۆر کەس ئەو شتەیان بە سەر هاتبێت، لەبەر ئەوەی ئابڕو و ئەو ئەرزشانەی کە بۆ خۆی دایناوە نەیمێنێت، بە تایبەت کە سەیری کۆمەڵگا دەکات نەتوانێت بیگێڕێتەوە بەڵام دەبێتە کێشەیەکی دەرونی گەورەو تا مردن لەگەڵت دەمێنێتەوە بەڵام من بەوە هەڕەشەم لێ دەکرا، بە هۆی ئەوەی کە برازایە کم و ئامۆزایەکم شەهید بوبون لەو کاتەدا ئەو شتەیان لەگەڵ من نەکرد بە ڵام زۆر جار هەڕەشەی ئەوەیان لێ دەکردم کە دایک یا هاوژینەکەم دێنن و گەر راستیەکاننەڵێم کە چیم کردوە و لەگەڵ کێ بووم و ئەو کەسانەی کە لە شانەکاندا بەشدار بون نەیاندەیت بە دەستەوە.
بە جورئەتەوە دەڵێم تا ئەو رۆژەی لە ژیاندام کەسێک گلەیی لە من هەبێت ئامادەی وڵام دانەوەم، من لەبەر ئەوەی ناوی کەس نەبەم زۆرترین خۆڕاگریم کرد، بۆ ئەوەی شۆرش بەواتای راستەقینەی خۆی بپارێزم، ئەو ئاکار وبایەخانەی کە لە مرۆڤێکی شۆڕشگێڕدا هەیە بەرگری لێ بکەم.
ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە کە تۆ بشکێیتەوە لە بواری کەسایەتیەوە و لە نێو کۆمەڵگا جێگایەکت نەمێنێت و خەڵک بەرەو شۆڕش نەڕۆن ئامانجیان لە هەمو ئەشکەنجەکان ئەوەیە بەڵام بە خۆشحاڵیەوە، من لەو تاقی کردنەوانەدا سەربەرز دەر چووم.
لە چ کاتێکدا ئێوەیان بردەوە بۆ بەندیخانەی شاری سنە یاخود مەریوان؟
بڕوارەکەیم لە بیر نییە ئەوەندە دەزانم ساڵی ٨۶ بوو لە زستاندا دەست بەسەر کراین بەڵام کە گەڕێندراینەوە یەکێک لە ئیتلاعاتیەکان لەگەڵمان کەوتە وتووێژ و وتی منیش کوردم و کرماشانیم و هەستی کوردایەتیم تێدایە، ئێوەش دوای حیزب مەکەون جودایی خوازن، منیش، پێم وت گەر راست دەکەی خۆت بە کورد دەزانی چاومان بکەوە با چاوێکمان بە دەرەوە بکەوێت، ئەویش کەوتە نێو قسەکەی خۆی و چاومانی کردەوە، سەیری دەرۆمان دەکرد منداڵانی هەژاری گوندەکانمان دەبینی کە رێواسیان دەفرۆشت.
کاک فەرهاد ئێستە دەڕۆینە نێو بە ندیخانە، بەندیخانە خۆی دونیایەکی جیاوازە، ئەو کەسانەی لە گرتوخانەکانی ئیتلاعات دان ئاواتیان ئەوەیە کە بدرێنە بەندیخانەی گشتی، بەڵام ئەوەی کە بەندکراوان دەی گێڕنەوە ئەوێیش بەشێوازێک ئیتلاعاتێکی ترە بەڵام جیاوازترە، دەکرێت لەو بارەوە بۆمان بڵێن؟
بەڵێ راستە سەرەتا لە گرتوخانەی ئیتلاعات کە دەتبەنە بەندیخانەی گشتی هەست بە هێمنی دەکەیت و وادەزانی کە تۆ ئازاد بوویت، بەڵام پاش مەودایەکی کورت هەست دەکەی بەندیخانەی گشتی شوێنێکی زۆر ترسێنەرە و وەک بنکەیەکی سیخوڕی وایە بەند کراوی جۆراوجۆری تێدایە، بەندکراوانی سیاسی لەگەڵ بە بەندکراوانی تر وەکو دەرمانفرۆش و دەرمانخۆرەکان و بەندکراوانی تر وەکو شەڕئەنگێزەکان وئەو گەنجانەی کە لە بنەماڵەیەکی نالەباردا پەروەردە کراون و کێشەی دەرونی و کۆمەڵایەتییان هەیە تێکەڵ دەکەن، ئەوانەت هەمو لێ دەکەن بە سیخوڕ، هەڵیان دەخڵەتێنن بە بەڵێنی دیدارێک لەگەڵ بنەماڵە و یان رۆشتنەدەرەوە بۆ ماوەی رۆژێک یاخود چەند کاتژمێرێک دەیانکەن بە سیخوڕ لە دژی بەندکراوانی سیاسی، پاش چەند رۆژ هەستم کرد تەنها جیاوازی لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعات ئەوەیە لەوێ تەنیایت و لێرە تەنیا نیت، لە بەندیخانەش چەندین جار ئیدارەی ئیتلاعات دەهات و بەدوای شتێکی نوێدا دەگەڕان، دەیانبردین بۆ ژورێکی بچوک لە پاڵی ئێشک گری (افسر نگهبانی) و چاویان دەبەستین و دیسان لێیان دەداین و ئەشکەجەو لێکۆڵینەوەیان دەکرد، سەرەڕای ئەوەش کە حوکم درابوین.
من نزیکەی ۶ مانگ بە نایاسایی لە بەندیخانە بوم وپاش ۶ مانگ درامە مەحکەمە، لەو ماوەیەدا نەیاندەهێشت چاوم بە بنەماڵەم کەوێت تەنانەت لە پشتی شوشەشەوە و بۆمان نەبو پەیوەندی تەلەفونیشیان لەگەڵ بگرین، یەک تەلەفون هەبو کە زۆرتر بۆ کاروباری سیخوڕی دانرابوو نەک یارمەتی بەندکراوان، پاش شەش مانگ دراینە مەحکەمە و پاش چەند مانگێکی تریش حوکمەکەیان پێ راگەیاندین، پاش چەند مانگ بنەماڵەم لە رێگای پارێزەرەوە و بەهەوڵێکی زۆر کۆپییەک لە حوکمەکە بەدەست دێنن و بۆ ئەوەی کە حوکمەکە بزانین چییە و بیدەینە مەحکەمەی پێداچونەوە.
بە وتەی زۆربەی بەندکراوانی سیاسی مەحکەمەی بەندکراوانی سیاسی بە مەحکەمەی ۳ خولەکی ناسراوە، گەر بکرێت لەسەر مەحکەمەکە بۆمان بڵێیت کە چەند کاتی برد و چۆن بو وئایا پارێزەریشتان هەبو؟
بەڵێ من دوو پارێزەرم هەبوو یەکێکیان؟ هاوڕێی خۆم بوو خۆشبەختانە ئەو زۆر پارێزگاری لێ کردم، بەڵام کاتی مەحکەمەکە من پێم وابێت ۳ خولەکیش نابێت و بەژمارەش بیژمێری ناگاتە دەقەیەکیش، زۆر بە کورتی پێت دەڵێن کە تۆ ئەو شتانەت کردووە و ئەوەش حومەکەتە و بڕۆ دەرەوە وتەواو، تەنانەت پارێزەرەکان جورئەتی ئەوەیان نیێە شتێک بڵێن، وتم ئەمە چۆن شێوازێکی مەحکەمەیە بەڵام هیچ وڵامێکیان نەدەداوە، پاشان پارێزەرەکان بە ناردنی نامەو نوسینی سکاڵا بۆ سەر دۆسیەکەو دەینێرن بۆ مەحکەمەی پیاچونەوە و دیوانی عالی، بۆ ئەوەی خۆیان بە حوکمەتێکی یاسایی بخەنە بەر چاو بە بڕێک دۆسیەدا بچنەوە یا حوکمەکەی بەو مادەیە نەخوات کە نوسیویانە لە نێو نامەکەدا، دۆسیەکەی من وەهابوو، حوکمەکەیان شکاندم ولە ۳ ساڵەوە کرا بە ۱ ساڵ، بەڵام من ۲ ساڵ لە بەندیخانەدا بوم، گەر ئەو موحاکمە، موحاکمەیەکی شانۆگەری نیە بۆ من لە بری ۱ ساڵ ۲ ساڵ لە بەندیخانە مامەوە، دواتریش من ئازاد نەکرام، پشویەکم گرت لە رێگای پارێزەرەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ کە بێمە دەرەوە بە بیانوی ئەوەی کە وتم منداڵەکەم تەندروستی باش نییە ودواتر نەگەڕامەوە بۆ بەندیخانە وتاپۆیەکم دانابوو، ئینزاریان بۆ ناردم وەک هەڵهاتویەک لە بەندیخانە بەو ئینزارەوە توانیم لە ئەوروپا ولەوڵاتی بەریتانیا ئیقامەت وەر بگرم.
۲ ساڵ لە بەندیخانە مانەوە پێشتریش لە بەندیخانە بوون، بیرەوەریەکی تاڵ کە لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانە یاخود بەندکراوانی ترەوە دژ بە ئێوە کرابێت بە شێوەی سیستماتیک و جۆرە هەڵسوکەوتێکی نەشیاو کە دژ بە خۆتان و بەندکراوانی سیاسی تر کرابێت هەیە کە لەو بارەوە قسەمان بۆ بکەن؟
من لە بەندیخانە زۆر لەو بەند کراوە سیاسیانمه دیوە کە پێم وابێت ۱٨ کەس دەبوین لە سەردۆسیەی پەژاک لەبەندیخانەدا بوین، شەوێک لە ناکاو هاتن هەمومانیان دابەش کرد وهەریەکەو دراین بەژورێک ولەیەکیان دابڕین بە بیانووی ئەوەی کە دەیانگوت ئێوە کۆڕو کۆمەڵ رێکدەخەن لێرە، ئێمە هیچ وتووێژێکی سیاسیمان نەدکرد بەڵام بەهەڵسوکەوت کاردانەوەی باشمان لەسەر بەندکراوانی تر هەبوو، شەوێک هاتن لەخۆوە منیان بردە خوارەوە بۆ ژوری بەرپرسی ناوخۆی بەندیخانە بەناوی (رەزایی) ولەگەڵ کەسێکی تر کە ئەندامی دەزگای بەرگری (حفازەت) بوو بەناوی (نەورۆزی) وتیان تۆ جنێوت بە بنەماڵەی پاسداران داوە و بە جاش ناوت بردوون، چەند سەربازێکیان هێنابوو بۆ ئەوەی کە لە من بدەن بەڵام بەهۆی ئەوەی کە سەربازەکان کورد بون لە منیان نەدا و خۆیشیان ئەو جورئەتەیان نەبوو لێت بێنە پێش و بە سەربازەکان ئەو شتانەیان دەکرد بەڵام سەربازەکان ئەو شتەیان نەکرد بۆیە خۆیان، بەرپرسی بەندیخانە بەناوی (مەلەکی) وبەرپرسی ناوخۆو حیفازەتیەکە زۆریان لێدام و هەڕەشەیان لێ کردم گەر نارەزایەتی دەر ببڕم دۆسیەکەت رەوانەی مەحکەمە دەکەین وبەناوی شەڕئەنگێزی لە نێو بەندیخانە و شەش مانگ زیاد دەکەین بە ماوەی بەندکردنەکەو بێڕێزی زۆریان پێ کردم، زۆر جار بەندکراوانی تریان دەبرد بەو شێوەیە ئازاریان دەدان.
کەسێکی تر هەبو بە ناوی (رەحمان حەیدەری) ئەویش بەندکراوی سیاسی بوو ئەویشیان بەهەمان شێوە بردبوو وئەشکەنجەیان دابوو، بەندکراوێکی تر هەبو بەناوی (عەدنان رەشیدی) مانی لە خواردن گرتبوو بەو هۆیەوە تەندروستی نالەبار بوو بەڵام نەیاندەهێشت بڕواتە دەرەوە بۆ چارەسەری کێشەکەی، سەرەڕای ئەوەش بە بیانوی ئەوەی کە دەیانگوت ئەتەوێت ئاژاوە بنێیتەوە لە نێو بەندیخانە، زۆریان ئەشکەنجە دابوو، یان هیوا بوتیمار کە بەسێدارە دان سزا درا بوو، بۆ ماوەیکی زۆر لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانە رایانگرتبوو و نەیاندەهێشت لەگەڵ بەندکراوانی تر بێت. زۆر کەسی تریش هەبوون کە ئێستە ناوەکانیان لە یادم نەماون بەڵام زۆربەی بەندکراوانی سیاسی بەو شێوازانە لە نێو بەندیخانە ئەشکەنجە دەدران کە زۆر لە ئەشکەنجەکانی نێو ئیتلاعات قورستر بون بۆئەوەی کە لەوێ بەبێ هیچ هۆکارێک لێت دەدەن.
وتراوە لە نێو بەندیخانە بەندکراوانی تر هان دەدەن کە لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی شەڕ بکەن و ئازاریان بدەن، شتی وا هەبوو؟
بەڵی کەسانێک هەبون لەسەر قەتڵ گیرابوون پێیان دەوتن کە ئێوە حوکمتان کوشتنەوەیە و لە سێدارە دەدرێن گەر هاوکاریمان بکەن ئێمە لەو حوکمەی ئێوە کەم دەکەینەوە ویارمەتیتان دەدەین، بنەماڵەی کوژراوەکە رازی دەکەین کە بتان بەخشن ودەڕۆین بۆ ماڵیان و بە شێوازێکی زۆر مەرایی وریایی هەڵیان دەخەڵەتاندن و هانیان دەدان کە لەگەڵ زیندانیانی سیاسی بەشەڕ بێن بە بیانوی جۆراوجۆرەوە، تەنانەت چەقۆیان دەهێنا نێو بەندیخانە و دەیاندا بەو بەندکراوانە، ئەوەی کە خۆیان چەقۆیان دەدا پێیان شتێکی حاشا هەڵنەگر بوو کەسی تر نەیدەتوانی چەقۆ بێنێتە ژورەوە تەنانەت هیچ شتێکی تر وەک جلوبەرگ و خواردن ئەم کەتەرو چەقۆیانە چۆن دێنە ژورەوە دیاربوو کە بەرپرسان خۆیان بەشێوازێکی سیستەماتیک ئەو شتانەیان دەکردو لەنێو بەندیخانە بە چەقۆ دەیاندا لە بەندکراوانی سیاسی.
ئەو ئەشکەنجە و ئازارانەی نێو بەندیخانە یاخود شتێکی هاوشێوەی هەیە کە لەوبارەوە قسەی لەسەر بکەن؟
بەڵێ، شەوێکیان خەریک چاولێ کردنی تەلەفزوێن بووین فلیمێکی پیشان دەدا، کۆنتڕۆڵی تەلەفزوێنەکە بەلای کۆمەڵە چەقۆکێشەکەوە بوو لە گەرمەی فلیمەکەدا کاناڵەکەی دەگۆڕی یا دەیکوژاندەوە، بەندکراوانی تر هیچیان بۆ نەدەکرا بە ئەنقەست ئەوەیان دەکرد وئێمەیش دەمانزانی کە ئەم کەسە خۆی بە تەنیا ئەو توانایەی نییە بەس تۆ گەر شتێک بڵێیت هەمو بەرپرسانی بەندیخانە دێن و دەتبەنە ئیتلاعات و وەک کەسێکی ئاژاوە گێڕ لە نێو بەندیخانە، شەوێک بەو هۆیەوە لەگەڵ برادەرێک بو بە قاڵمان و وتم ئەو هەمو کەسەی تر سەیری ئەو کانەڵە دەکەن، تۆ بۆ دەیگۆڕی؟
وتی تۆ جنێوت داوە بە بنەماڵەی پاسدار و من پاسدارم بەڵام ناوی ئەوکەسە ناهێنم، بەرپرسانی بەندیخانەیان هێنابوو لە پشتەوە خۆی داگرتبوو، زۆر قسەی نەشیاوی کرد منیش وتم؛ ئێوە جاشو خۆفرۆشن، لەسەر ئەو قسەیەکە حاشای لێ نەدەکرا، بردمیانە خوارەوە و وتم بەڵێ وتومە بەڵام من تەنها مەبەستم خودی ئەوکەسە بووە کارم بە کەسی ترەوە نییە، بەرپرسان وتیان ئێمەیش فەرمانبەری ئەم دەوڵەتەین و مووچە وەر دەگرین و تۆ مەبەستت ئێمەیش بووە و بێ ڕێزیت بە ئێمە کردووە، لەسەر ئەوە لێدانی زۆریان لە من دا و وایان لێ کردم کە لێیان بپاڕێمەوە کە دۆسیەکەم نەدەنە مەحکەمە، گەر رادەستی مەحکەمە بکرایەم دەیان ناردمەوە ئیتلاعات و باش نەدەبوو.
وتتان بە هەوڵی پارێزەر توانیتان بێنە دەرەوە بۆ ماوەیەکی کاتی، تۆ وا هەستت دەکرد پاش دوو ساڵ نایانهەوێت ئازادت بکەن، ئەوکاتەی هاتنە دەرەوە لە بەندیخانە، کەی لەوڵات هاتنە دەرەوە؟
کاتەکەی بە تەواوی نازانم بەڵام ئامۆزایەکی دیکەم گیرابوو لەگەڵ خزمێکی ترمان ولای ئەوان هەڕەشەی ئەوەیان لێ کردبووم و وتبویان ئێمە نەئەبووا فەرهادمان بگرتبایەت ئەبوا وەک بەختیار بمانکوشتایەت وەک گرتبومان نەئەبوا بمان هێشتایەت بڕواتە دەرەوە.
من لەو ماوەیەدا هاتبوومە دەرەوە نەدەڕۆیشتمەوە نێو بەندیخانە و غایب بوم، شەوێک لەگەڵ بنەماڵەم دەچوین بۆ میوانی ترۆمبیلێک هاتو پێشی پێ گرتینو دەستی کرد بە جنێو دان و بێڕێزی کردن لە بەر چاوی هاوژینمدا و من زۆرم پێ ناخۆش بوو وتم وەرە سەرکەوە لەگەڵم دەڕۆینە شوێنێکی چۆڵ و لەوێ شەڕ دەکەین با خەڵک سەیرمان نەکات، وتی باشە تۆ وەرە لەگەڵ من سەرکەوە، منیش چەقۆیەک لە نێو سەیارەکەمدا بوو کەزۆرتر بۆ دەشتو دەرو میوە خواردن بەکارم دەهێنا لەگەڵ خۆم بردم وتم نەوەک پیلانێک بێت، هەرچەند کە خێزانم وتی مەڕۆ بەگوێم نەکرد و ئەوانم لە بەر ماڵی خزمەکەماندا داناو خۆم رۆیشتم و وتم پاش نیو کاتژمێری دەگەڕێمەوە، ولەگەڵ ئەو کوڕە رۆیشتم، لە شار رۆیشتینە دەرەوە پێم وت ئەمە شوێنی چۆڵ، وتی نە ئیشم پێتە با بڕۆین، رۆیشتینە شوێنێک کە سەیر دەکەم سێ کەسی تر لەولاوە وەستاون کە ئەوانم دیت فەرمانی ترۆمبیلەکەم سوڕاند و ترۆمبیلەکەم کێشا بە تەپۆڵکەیەکدا و وەستا، من دەرگاکەم کردەوەو دابەزیمو هەڵهاتم بە ڵام ئەو کوڕە دەستی گرتم و زۆر بە قووەت بوو هەیکەلێکی باشی پێوە بوو منیش کە زانیم چارەم نییە و لە تاو گیانی خۆم دەستم کرد بە بەرکمداو چەقۆم دەر هێناودوو یان سێ چەقۆم لێ داو هەڵهاتم.
دواتر هاتمە سنوری باشماخ و رۆیشتمە پێنجوێن و لەوێوە هاتمە ئەوروپا، دواتر بۆم دەرکەوت کە ئەو کەسانە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە نێردراون و هەمویان بەسیجی بون، ئەوە نەبو کە ئەو روداوە لەخۆوە بێت پێشتر داڕێژرابوو.
پێتان وایە کە ئەوشتەی روویدا پیلان بون؟
بەڵێ دواتر ئەو کەسانە ناسراونەتەوە، ئەو کەسە لەگەڵ برایەکی فەرمانبەری بانکی (نەسری بەسیجیان)ن وبە ملیار کەرت و پارە لە بەردەستیاندایە، گەر وەها نەبێت چۆن شتی وادەکەن بۆ دوو گەنج و ئەوەندە ئیهتمامیان پێ دەدەن.
قسەی کۆتایی
بە ڕاستی بیرەوەری بەندیخانە ئەوەندە تاڵە کە زۆرجار ئەمهەوێت لە بیری خۆمی ببەمەوە بەڵام قەد لەبیر ناچنەوە، لەوکاتەدا کە من هەڵهاتبوم هێزەکانی کۆماری ئیسلامی زۆر جار لە شەودا ولەناکاو هێرشیان دەکردە سەر ماڵی ئێمە و جاری وەها هەبو بە پێڵاوەوە دەڕۆیشتنە سەر سفرەمان، منداڵەکانم ترسابون و زریکاندبویان، منداڵەکانیشم زۆر جار پرسیار دەکەن دەڵێن؛ بۆ وایان دەکرد، بۆ تۆیان دەستبەسەر دەکرد، بۆ ئێمە لە پشتی شوشەوە تۆمان دەبینی؟
کە ئەو پرسیارانەم لێ دەکەن من هەمو ئەو شتانە کە بەسەریان هێناوم وەکو فلیمێک دێتەوە بەر چاوم و زۆر ئازارم دەدات.
کاتێک کە قسە لە سەر ئەو شتانە دەکرێت، تووشی حاڵەتێک دەبم کە مێشکم دەوەستێت ناتوانم زۆرشت بێنمەوە بەر چاوی خۆم و هەندێک کات برێکی دێتەوە بەر چاوم.
ئەوکاتانەی کە برام، ئامۆزام، برازام زۆر کەسی تر کە لەگەڵم بون ئێستە هیچیان لە ژیاندا نین و شەهید کراون، بیرەوەری زۆرمان پێکەوە هەبوو بەڵام هیچیم لە بیر نەماوە.
لە کۆتایدا سپاسی ئێوەش دەکەم بۆ ئەوەی کە لایەکتان لە ئێمە کردەوە وەکو بەندکراوی سیاسی، ئەمە یەکەم جارە کەسێک لەو بارەوە وتووێژم لەگەڵ بکات، بەڕاستی تۆزێک لە پەژارەمی لەسەر شان هەڵگرتم، زۆر سپاستان دەکەم و دەست خۆشیتان لێ دەکەم، هیوادارم بەردەوام بن لەو کارە پیرۆزەدا وماندوو نەبن.
ئێمەیش وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هەست بە ئازارەکەنی ئێوە دەکەین بە هیوای ئەوەی کە رۆژێک دونیایەکمان هەبێت کە پێشێلکاری مافی مرۆڤی تێدا نەبینین، زۆرسپاس.