کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ پاش تێپەڕینی نزیک بە دە رۆژ بەسەر کارەساتی بومەلەرزەی کرماشان سەرەڕای وادە و بەڵێنەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نەک پێش دەست خەرییەک بۆ چارەسەری کێشەکان دەستی پێ نەکردووە بەڵکو بە هاتنی کەش وهەوای سارد و دەست پێ کردنی بارین لەو ناوچانە گرفتەکان چەندین قات زۆرتر و رۆژ لە دوای رۆژ گرفتەکان پەرە دەسێنن.
بەهۆی هاتنی شەپۆلی باران بۆسەر ئەوناوچانە و جێگیر کردنی نا شارەزاییانەی خێوەتەکان، زۆربەی خێوەتەکان سەر ئاو کەوتوون و ژیانی لێقەوماوان بەتایبەت منداڵان و بەساڵا چووان بەرەو کەشێکی ئێجگار دژوار دەڕوات، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئامێری گەرم کەرەوەی دور لە ستاندارد بووەتە مەترسییەکی تر و لە چند رۆژی رابردوودا چەندین خێوەت ئاگریان تێ بەر بووە و زیانی مادی و گیانی لە لێقەوماوان کەوتووە.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەک لە بواری گەیاندنی یارمەتی و خزمەتگووزاری بۆسەر لێقەوماوان دەست کورتییان نواندووە بەڵکو لە میدیاکان و راگەیاندنەکانیاندا پڕوپاگەندە بۆ بارپرسیاریەتی و خۆش خزمەتی بۆسەر ئەو ناوچانە دەکەن وهەواڵی دور لە راستی بڵاو دەکەنەوە و هەواڵە راستەکان دەشارنەوە، بەڵام ئەو هەواڵانەو گرتە ڤیدیۆیی و وێنانەی گەیشتوون بە ناوەندی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەو ناحەقیانەی دەرحەق بە لێقەوماوان دەکرێت لەلایەن بەرپرسان و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەیخاتە روو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان خۆی بە بەرپرس دەزانێت لە مەڕ بڵاو کردنەوە و گەیاندنی دەنگی هاووڵاتیان و هەوڵ دەدات روی راستەقینەی کێشەکان بخاتە بەر چاوی هاووڵاتیان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


