بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بەرپرسی گشتی کۆمیتەی فریاکەوتن (کمیتە امداد)ی پارێزگای ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەری بڕیووە نێزیک بە ۷۰۰ منداڵ کە تەمەنیان خوار ۵ ساڵە لەناوچە بێبەرییە سنوورییەکان تووشی گەندە خۆری (سوء تغذیە)ن.
بەکوتەی ئەم بەرپرسە حکوومییە؛ ئەم منداڵانە ۳۲ لەسەت لەو منداڵانەی کەلە پانتای پارێزگای ورمێ تووشی گەندەخۆری هاتوون لەخۆ دەگرێ.
بەپێی کوتەکانی ئەم بەرپرسە حکوومییە وهەواڵەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەپارێزگای ورمێ پترلە ۲۰۰۰ منداڵی تووشبووی گەندە خۆری بوونی هەیە.
جێگەی بیرهێنانەوەیە؛ کە ماوەیەک بەرلە ئێستە ئازەر ئیسمایلی بەرپرسی گشتی پشتیوانییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمیتەی فریاکەوتن ڕایگەیاندبوو پترلە ۱۲۰ هەزار منداڵی خوار ۶ ساڵ تووشی گەندە خۆرین لەئێراندا.
گەندەخۆری بەجۆرێک لەنەخۆشی دێتە هەژمار کەبەهۆی بەکارهێنانی ناتەواو یان لە ڕادەبەدەری یەک یان چەندد ماددەی خۆراکی سەرهەڵدەدات. لەگرنگترین هۆکارەکانی گەندە خۆری لەجیهان دەتوانی ئاماژە بەکەمبوونی مادەی خۆراکی وچۆنییەتی (کوالیتی) ناتەندرووستی ئەوانە بکەین. گەندەخۆری دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشیگەلی وەکوو ئانمی، کواشیوورکوور، ڕاشیتیسم، یان کوێری «بەهۆی کەمبوونی ڤیتامینی A”.
بەپێی ئاماری ساڵی ۲۰۰٤ی یونیسێڤ، کەمبوونی ئاسن و یۆد دەبێتە هۆی لەساڵدا ۱۸ ملوێن لەدایکبوونی منداڵی تووشی دواکەوتووی زەینی و کەمبوونی ڤیتامینی A لەساڵدا مردنی یەک ملوێن منداڵی لێدەکەوێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان