بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، یەکشەممە ۱۶ی ڕەزبەری ۱۳۹۶ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی هەواڵ دا ئاماری یەک ساڵ لە گرتنی کۆڵبەران و کاسپکارانی کوردی لەسەر سنووری پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندرا.
بەرپرسی هێزی سنوورپارێزی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو پارێزگایە، دەستبەسەر کردنی ئەو ژمارەیەی وەک دەسکەوت ناساند، ڕایگەیاند کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا:
-۱۷۳۰ کەس بەهۆی سنووربەزاندنەوە
– ۶۶ کەس کۆڵبـــەر
– ۱۱ کەس لەسەر هێنانی جگەرە
– ۱۶ کەس هێنەرانی جل و بەرگ
دەستبەسەر کراون.
ناوبراو باسی ڕێژە و قەبارەی شتوومەکی هاوردەکراوی کۆڵبەرانی نەکرد کە دەستیان بەسەردا گرتووە.
هەروەها لە وتەکانیدا هیچ ئاماژەیەکیشی بە تەقە کردنی هێزەکانیان لە کۆڵبەران، کوژران، بریندار بوون، لێدان و بێ ڕێزی کردن بەو چینە لە خەڵکی کوردستانی نەکرد.
ئەوە هەر ئاماری فەرمی ڕاگەیێندراوی دەوڵەتییە کە نە تەنیا باسی ۴ پارێزگاکەی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدانییە، بەڵکوو بەپێی زانیارییە بەدەستخراوەکان، ئەوە تەنیا بەشێکی بچووک لە پێشێل کارییەکانی سەر کۆڵبەران و کاسپکارانی سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات ـ باشوور و ڕۆژهەڵات ـ باکووری کوردستانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستــــــــان