کۆبوونەوی ناڕەزایەتی لە ئیلام و خوڕەماوا

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ۷ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی، ماڵ خوراوانی سەنتەری ماڵی گەشە (موسسەی توسعەی آرمان) لە شاری ئیلام، لە بەردەم ئەو ناوەندە ماڵییە کە لەژێر چاودێری بانکی ناوەندی ئێران دا چالاکی دەکات، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست و داوای گەڕاندنەوی پارەکانی خۆیان لەو سەنتەرە  دەکەن کە لەلایەن یەکە تایبەتییەکانی هێزی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران، پەلامار دەدرێن و هێرشیان دەکرێتە سەر.

لە هەمان کاتدا ماڵ خوراوانی ئەو سەنتەرە ماڵییە لە شاری لورستان، بۆ چەندین ڕۆژە لەبەردەم بینای پارێزگای خوڕەماوا کۆبوونەتەوە.

ئەو کۆبوونەوانە لەدوای ئەوەوە هات کە ئەو سەنتەرە مایەپووچ بوونی خۆی ڕاگەیاند و گیر و گرفتێکی زۆری بۆ ئەو خەڵکانە درووست کردووە کە پارەکانیان لەو ناوەندە دانابوو.

بەرپرسانی ئەو ناوەندە ۲ ڕۆژ لەوە پێش لە دانیشتنێک دا لەگەڵ هێندێک لە ڕاگەیاندنەکانی ئەو پارێزگایە، بەڵێنیان دابوو کە ڕۆژی یەکشەممە هەموو پارەی ئەو خەڵکانە دەدەنەوە کە پارەیان لەو ناوەندە دا هەیە. نەبردنە سەری ئەو بەڵێنە، تووڕە بوونی ماڵ خوراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و کۆبوونەوەی بەرفراوانی جەماوەری لێکەوتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هێزە تایبەتەکان، بە ئاوی بە تەوژم هێرشیان کردووەتە سەر جەماوەر و خوازیاری چۆڵکردنی ئەو شوێنە بوون.

ئابووری یەکێک لە گرینگترین بنەماکانی مانەوە و ژیانی هەر کۆمەڵگا و وڵاتێکی پێوە گرێدراوە. بەبێ بوونی ئابوورییەکی بەهێز و پێشکەوتوو، ناتوانرێ ئاسایشی تاک لەنێو کۆمەڵگا دا فەراهەم بکردرێت. وڵاتانێکی وەکوو ئێران کە خاوەنی سەرچاوە دەوڵەمەندە سرووشتییەکان و لەوانە نەفت گازن، دەرفەتی بەهێزیان لە بەردەستە بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییەکی تەندرووست و پێکهێنانی دادوەری ئابووری و کۆمەڵایەتی. لەو جۆرە وڵاتانەدا بڵاوکردنەوەی هاوسەنگی داهاتی نەتەوەیی لە نێوان خەڵکی ئەو وڵاتە و قەڵاچۆکردن و لەناوبردنی نەبوونی کە خۆی یەکێ لە دەرهاویشتەکانی، ئەو کێشەیەیە، کارێکی ئەستەم نییە. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بەجێی چارەسەر کردنی کێشەکانی کۆمەڵگا، تەنیا دەیهەوێ لەڕێی هێز و سەرکووت کردن و گووشاری سەر هاووڵاتیان، ئەو کێشانە پەردەپۆش بکات. بەشێوەیەک کە ڕۆژانە بینەر و بیسەری گەندەڵی و نەبوونی و هەرزەیی و کێشە ڕەوانییەکان، له کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبین.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان