نۆژیان ئەرهان ژنە ڕۆژنامەوانی کورد گیانی لەدەست دا

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، ڕۆژنامەوان “تووبا ئاکیلماز” ناسراو بەکۆدی”نۆژیان ئەرهان” کەلە هێرشی پێشمەرگەکانی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێراق لەڕۆژی سێی ماڕسی۲۰۱۷ بۆسەر خانەسۆر بریندار ببوو، سەرەڕای هەوڵێکی زۆر بۆ ڕزگارکردنی گیانی وبەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ دوێنی(۲۳ی ماڕسی ــ۳ی خاکەلێوە) گیانی لەدەست دا.

نۆژیان بەهۆی هێرشی پێشمەرگەکانی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان لەباشووری کوردستان لەگەڵ حکوومەتی تورکیا بۆسەر شارۆچکەی خانەسۆر لەدەورووبەری شەنگال لەڕۆژی سێی مارسی ۲۰۱۷ کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ وسەری بەگرانی بریندار بوو.

ناوبراو پاش ئەم ڕووداوە گوازرایەوە بۆ شاری حەسەکە وچارەسەری پزیشکی بۆکرا بەڵام سەرەڕای هەواڵێکی زۆر پاش ۱۹ڕۆژ بەربەرەکانێ ،ناوبراو شەوی ڕابردوو لەکاتژمێر ۱۲ی شەو گیاای لەدەستدا.

نۆژیان لە دوازدە ساڵ پێشترەوە واتە(۲۰۰۵) لەچالاکی ڕۆژنامەو پێگەیەنەرە ئازادەکانەوە جێی خۆی کردەوە ولەزۆرینەی گۆڕەپانەکانی خەبات دا دەستی دایە ڕووماڵکردنی بەرنگاری ئازادیخوازانەی گەلەکەی وئەو نکۆڵیانەی بەرانبەری دەکرێ.وهەروەها لەماوەی ئەم ساڵانەی دوایدا لەناوچەی شنگال دەستی دایە ڕووماڵکردنی ئەو کارەسات ونەهامەتیانەی بەسەر ئێزدیەکاندا سەپێنرا.

ناوبراو خەڵکی ناوچەی حیلوان لەدەڤەری ڕۆحا لەباکووری کوردستان بوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان