بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرلەبەیانی ئەوڕۆ دوی ڕێبەندان دوو زیندانی بەتۆمەتی ڕاگواستن وڕاگرتنی مادە هۆشبەرەکان لەزیندانی ناوەندی ورمێ هەڵواسران.
بەگوێرەی هەواڵەکە “قەبل عەلی باپیر ” کەبەهۆی نەخۆشی وئیفلیج بوون لەبەشی خوار پشتێنەوە لەبێهداری زیندان لەژێر چاوەدێری دابوو وهەروەها ڕۆژی ڕابردوو بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی گواستبوویانەوە بۆژووری تاکەکەسی ،وهەروەها سینا حسێن پوور ۲۲ساڵ تەمەن لەبەندی گەنجان سەرلەبەیانی ئەوڕۆ دووی ڕێبەندان لەزیندانی ناوەندی ورمێ هەڵواسران،
جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی مەحکوومکراوانی مادەهۆشبەرەکان لەزیندانە جیاجیاکانی ئێران وڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسەروبەندێکدا دێتەئاراوە کە یەکیەتی ئەورووپا ماوەیەک بەرلە ئێستە داوای لەئێران کرد کەکۆتایی بە ئێعدامکردنەکان بێنێ وپەڕلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ماوەیەک بەرلەئێستە بە گەڵاڵەکردنی بەپەلەی سڕینەوەی سزای ئێعدامی تاوانبارانی مادە هۆشبەرەکانی پەسەندکرد.وپاشان نوێنەرانی پەڕلەمانی ئێران بەناردنی نامەیەک بە سەرۆکایەتی هێزی قەزایی داوایان لێ کردبوو کەجێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی نێزیک بە ۵هەزار زیندانی مەحکووم بەئێعدامی سەربە مادە هۆشبەرەکان تا پێداچوونەوەی ئەو گەڵاڵە پێشنیارکراوە ڕاوەستێنن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان