زیندانییەکی کورد لەزیندانی ورمێ کوژرا

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان حەوتووی ڕابردوو ۲۴ی بەفرانبار دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری ورمێ بنەماڵەی زیندانی کورد فەهیم کەریمی ریک ئابادی ئاگادار کردۆتەوە کە ناوبراو بەهۆی کێشەی دڵەوە گیانی لەدەست داوە.

فەهیم کەریمی ماوەی بەرێ لەلایەن یەکێک لەهێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری ورمێ دەسبەسەر کراوبوو.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی  لەشوێنی ڕاگیرانەکەی زانیاریان پێ نەدان تائەوەی کە لەڕۆژی ۲۴ی بەفرانبار پێیان ڕاگەیاندن کەناوبراو لەزیندانی ناوەندی ورمێ بەهۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لەدەست داوە وپێیان کوتوون کە ئیزنیان نییە لەمەڕ ئەم ڕووداوە لەگەڵ پێگەیەنێرەکان پێوەندی بگرن.

بەگوێرەی هەواڵەکە فەهیم کەریمی لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بەهۆی دژایەتی  وهاریکاری نەکردنی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگوندی ڕیک ئاوا لەسەرکوتکردنی هێزە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ۱۱ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا وهەموو سامانەکەیشی دەستی بەسەردا گیرا کە دواهات لەساڵی ۱۳۸۲ ئازاد کرا.کەپاش ئازادی بەدەیان جار بەدواداچوونی بۆ سامان وموڵک وماڵە داگیرکراوەکەی بوو وهەموو سکاڵاکانی بۆ دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم پێوەندییەدا بەئاکام نەگەیشت.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان