دو ژن لە دەڤەری سۆران ئاگریان لەجەستەی خۆ بەردا
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە شاری سۆران سەر بە پارێزگایی هەولێر لە باشوری کوردستان دو نمونەی گوماناوی خۆئاگردانی ژنان تۆمار کراوە.
یەکەم نموونە ژنێکی بيست ساڵانە کە بە هۆی خۆئاگردان گیانی لەدەست داوە و لە حاڵەتی دوهه م دا ژنێکی تر هەر لەو شارە دوایی ئەوەی خۆی ئاگردەدا، راگوێزی نەخۆشخانە دەکرێ و ئێستا بە رێژەی ۷۰ لە ۱۰۰ تووشی سووتان بووە.
ملازم شيروان خالد” بەرپرسی کار وباری تایبەت بە مافی ژنان لە وت و وێژێک لە گەڵ ناوەندی هەواڵی رۆژنیوز دەبێژێ، کە نەخۆشخانەی سۆران پێی ڕاگەیاندوون کە یەکێک لە قوربانیەکە کچەخوێندکاری پزیشکی لە زانینگەی هەولێر بووە و بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی دەستی داوەتە خۆسووتاندن. ماڵباتی قوربانی ڕایانگەیاندوە کە ئەو کچەیان ئاگرى لەجەستەی خۆی داوە و کۆتایی بەژیانی خۆیی هێناوە.
هەر لەم مانگەدا نموونەیێکی تری خۆسووتان هەبووە کە ژنێکی تر نەڤت ئەرژێنێتە سەر خۆیی و خۆیی ئاگر دەدات. ناوبراو تووشی سوتانی رێژەی هەفتا لە سەد بووە و ئێستا لە ژێرچاودێری پزیشکی دایە. بە هۆیی رێژەی زۆری سووتان تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەی لێ نەکراوە و هیچ کەسیش تۆمەتبار نەکراوە.
توند و تیژی دژی ژنان تەنیا لە لێدان و توند و تیژی جەستەی دا نیە و بوارگەلی روحی و هەستی مرۆڤیش لەخۆ دەگرێ. بەبێشکردنی ژنان لە مافەکانیان، ئازادی هەڵبژاردن، ئازادی کۆمەڵایەتی و هتد بابەتگەلێکن کە لەسەر روح و هەستی ژنان تەسیر دەکات دەتوانێ کێشەگەلی زۆر قووڵ بەدوای خوى دابێنێت.
لە کۆمەڵگاکانی وەک رۆژهەڵاتی ناوین دا یاسا و پارێزگاری تایبەت لە لایەن دەستگایی ئاسایش و ناوەندە حوکمیەکان، دەتوانرێ شێوەی باش بۆ پاراستن و بەرگری لە ژنان بيت ، هەڵبەت لەدوایی ساخ کردنەوەی سیستەمی پەروەردە و کلتوورسازی.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان