ک.م.م.ک:
لە نێو گرژییە ئەمنییەکانی دوای ململانێی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، ١٦ کرێکاری کورد دانیشتووی دەماوەند بوونەتە ئامانجی زنجیرەیەک گوشاری ڕێکخراو؛ فشارەکان کە بریتی بوون لە دەستبەسەرکردنی درێژخایەن، بانگهێشتکردنی دووبارە، هەڵکوتانە سەر ماڵەکان بەبێ فەرمانی دادوهری، و دەستبەسەرداگرتنی بەرفراوانی موڵک و ماڵی کەسی.
بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم کەسانە کە هەموویان خەڵکی ژاوەرۆی هەورامانن، لە چەند مانگی ڕابردوودا بە تۆمەتی وەک “پڕوپاگەندە دژی نیزام” و “کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی”، هەندێک جار لە هەر لێپیچینەوەیکدا ١٢ بۆ ١٦ کاتژمێر دەخایەنێت، لێپرسینەوەی قورسیان لێ کراوە و لە ئێستادا دەرچوونیان لە پارێزگای تاران قەدەغە کراوە.
سەرچاوە سەربەخۆکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دەماوەند چەند جارێک بەبێ مۆڵەتی یاسایی چوونەتە ناو ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و دەستیان بەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەر و کەلوپەلی تایبەتی دیکەدا گرتووە. بنەماڵەی ئەم کرێکارانە باسیان لە دروستکردنی کەشێکی ترس و هەڵسوکەوتی هەڕەشەئامێز کردووە کە مەبەست لێی زاڵکردنی کەشی “ترس و تۆقێنەر” بووە.
لە نێو ئەو ١٦ کەسەدا، دۆخی فەرزاد ڕۆستەمی بە نیگەرانکەرترین وەسف کراوە. دوای دوو مانگ دەستبەسەرکردن بەبێ دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی دادپەروەرانە، هێشتا لە زیندانی دەماوەند ڕاگیراوە و ئێستا دەستبەسەرکردنی سێ مانگی تێپەڕاندووە؛ دۆخێک کە بەپێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، نموونەی “دەستبەسەرکردنی هاکەزایی و پێچەوانەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە”.
ناوی ئەو کەسانەی کە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، بەپێی زانیارییەکان، بریتین لە: فەرزاد ڕۆستەمی، سەعید حەیدەرزادە، عیسا خادمی، مێهدی قاسمی، کەیوان قاسمی، شاهو قاسمی، لوقمان قاسمی، فەرزین ڕۆستەمی، بێهزاد ڕۆستەمی، فەرزاد شەریفی، ئیقبال مورادیزر، جەلال محەمەدی، فەرشاد مەلەکدوخت، جەمیل سێفیدی و شاپوور حەبیبی و فاتح مەحمودی.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو سەروەت و سامانانەی دەستیان بەسەردا گیراوە لە دەستی دەزگا ئەمنییەکاندا ماونەتەوە و هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی کاریگەر نەگیراوەتەبەر بۆ هەڵگرتنی سنووردارکردنەکان یان گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی ئەو هاووڵاتیانە؛ پرسێک کە نیگەرانیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لەسەر چڕبوونەوەی سەرکوتکردنی ئەمنی دژ بە هاووڵاتیانی کورد دروست کردووە.
لێکۆڵینەوەی زیاتر لەم دۆسیەیە، وێنەیەکی ڕوونتر لە شێوازی فشاری سیستماتیکی بۆ سەر کرێکارە کوردەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان دەڕەخسێنێت.
E.Sh


