ک.م.م.ک:
حوکمی ئێعدامی سێ زیندانی سیاسی فەرشاد ئیعتمادیفەڕ، مەسعوود جامعی و عەلیڕەزا مەرداسی کە پووشپەڕی٢٧٢٥ی کوردی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەهواز بەتۆمەتگەلی وەکوو(افساد فی الارض)، «ئەندامەتی لە موجاهدینی خەلق» و پڕوپاگاندا دژی دەسەڵات مەحکووم کرابوون، لە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەری٢٧٢٥ی کوردی، لە زیندانی شەیبانی ئەهواز پەسند و پێیان ڕاگەیەندرا.
ئەم سێ کەسە چەنددین مانگ لە گرتووخانە ئەمنییەکان لە ژێر گوشار، لێپرسینەوەی درێژمەودا، ئەشکەنجە و بێبەری لە پارێزەری تایبەت دابوون و هەنووکە لەبەردەم جێبەجێکردنی لەناکاوی حوکمی ئێعدامدان.
سەرچاوە مافی مرۆییەکان ڕایانگەیاندووە کە پەسندکرانی ئەم حوکمانە لە کاتێکدایە کە هەر سێ زیندانییەکە ڕووبەڕووی پێشێلکردنی ئاشکرای ستانداردەکانی لێکۆڵینەوەی دادوەرانە، دەسبەسەری درێژمەودای بێ دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر و ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونی بوون.
فەرشاد ئیعتمادیفەڕ، ٢٩ ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی پیچاب، جۆزەردانی ٢٧٢٣ی کوردی، لەگەڵ دوو هاوڵاتی دیکە دەسبەسەر و چەنددین مانگ لە گرتووخانەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ژێر گوشاری ئەمنییەتی و لێپرسینەوەی زۆرەملێ دابوون، بەڵگەی تۆمەتبارکردنی ناوبراو بریتییە لە تۆمەتگەلی قورسی وەکوو محاربە و گردبوونەوە و سازان دژی ئاسایشی وڵات بووە.
مەسعوود جامعی، ٤٧ساڵ تەمەن و باوکی چوار منداڵ، گەلاوێژی ٢٧٢٣ی کوردی دەسبەسەر کرا. ناوبراو کە پێشینەی پاسەوانی لە چاڵە نەوتەکان هەیە، تووشبووی شێرپەنجەی گەدە و چەندد نەخۆشی دیکەیە. بنەماڵەکەی دەڵێن کە بێبەری بوونی لە دەرمان و دۆخی زیندان، تەندرووستی ناوبراویان خستۆتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.
عەلیڕەزا مرادوەیسی، مامۆستای خاوەن مێژوو لە ئەهواز، ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ی کوردی دەسبەسەر کرا. سەرەڕای کێشەی قورسی هەناسەکێشان و پێویستی بەپەلەی بە چارەسەری پزیشکی، بەرپرسانی زیندان ڕێگری دەکەن لە گواستنەوەی بۆ ناوەندی دەرمانی دەرەوەی زیندان؛ بابەتێکە بنەماڵەکەی بە گوشاری سیستەماتیک و ئەشکەنجەی سپی خەمڵاندوویانە.
پەسندکرانی حوکمی ئێعدامی ئەم سێ زیندانییە شەپۆلێکی دڵەڕاوکێی لە نێو بنەماڵەکان، چالاکانی مافی مرۆڤی و دامەزراوە مەدەنییەکان ساز کردووە و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە لەناکاو جێبەجێکردنی ئێعدامی ئەوان کردووە. درێژەی ئەم ڕەوتە جارێکیتر دۆخئیڕووبە خراپتربوونی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی سیستەماتیکی مافی ژیان و دادگایی کردنی دادوەرانە لە ئێران دەخاتەڕوو.
ق.ش


