ئێران دەخوازێت بەندکراوێک سیاسی کورد ڕادەستی حکومەتی سوریا بکات
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت بەندکراوی سیاسی کورد مستەفا عەلی ئەحمەد ڕادەستی سوریا بکات،ئەمە لە کاتێکدایە کە ناووبراو نێزیک بە ۱۲ساڵ زیندانی لە سزای سەپێندراو تێپەڕکردوە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا لە مەڕ ئەم مژارە دەڵێت:یەک شەممە ۷ی سەرماوەز بەندکراوی سیاسی کورد، مستەفا عەلی ئەحمەد لە بەندیخانەی تایبەتی بەندکراوانی وڵاتانی بێانی لە ورمێ گوازرایەوە بۆ فڕۆکەخانەی مێهر ئاباد و بڕیارە لە چەن کاتژمێری داهاتوودا دیپۆرتی سوریا بکرێت.
ڕۆژی چوارشەممە۳سەرماوەز مستەفا عەلی ئەحمەد ،بەندکراوی سیاسی کورد خەڵکی کۆبانی لە ڕۆژاوای کوردستان پاش تێپەرکردنی ۱۱ساڵ و ٦مانگ زیندان لە زیندانی ورمێ گوازرایەوە بۆ ،بەندیخانەی بەندکراوانی بێانی لە ورمێ و سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ناووبراو بە فڕۆکە بۆ فڕۆکەخانەی مێهر ئاباد گوزرایەوە.
ئەم ناوەندە مافی مرۆڤیە لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت:
بەرپرسانی بەندیخانەی ،بەندکراوانی بێانی لە ورمێ بە ناووبراویان ڕاگەیاندوە کە لە سەر داخوازی دەووڵەتی سوریا دیپۆرت دەکرێت و بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزی وڵاتی سوریا گیانی مستەفا عەلی ئەحمەد لە مترسیدایە.
بە پێی ڕاپۆرت و هەواڵە بڵاوکراوەکان لە مەڕ ناووبراو لە لایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-وە مستەفا عەلی ئەحمەد لە گەلاوێژی ۸٤ی هەتاوی لە گوندێکی نێزیکی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە پ.ک.ک دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئەمنی ئیتلاعاتی سپای پاسدرارانی ئێران لە ورمێ ،ناووبراو بۆ ماوە مانگێک کەوتە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجە و پاشان گوازتیانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ .پاش چەند مانگێک لقی یەکی دادگای ورمێ بە دادوەری دەروێشی ،ئەم زیندانیە سیاسی کوردی بە تاوانی ئەندامیەتی لە پ.ک.ک بە سێدارە سزا درا ، پاش ناڕەزایی ناووبراو بە بڕیاری دادگا ، فایلی(پەروەندەی) ناووبراو لە دیوانی باڵای وڵات جارێکیتر پێداچوونەوەی بۆ کرا و سزای ناووبراو لە ئێعدامەوە بوو بە ۱۱ساڵ زیندان.
مستەفا عەلی ئەحمەد لە ماوەی ۱۱ساڵ زینداندا چەندین جار لە بەندیخانەی ورمێ گوازراوەتەوە بۆ ژوورەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و لە مەڕ بەشداری کردنی لە مانگرتن لە خواردن دژ بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی کورد و ناردنی هەواڵی ناوو بەندیخانە بۆ ڕاگەیاندنەکان و ناوەندە مافی مرۆڤیەکان کەوتوەتە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجە و لە ساڵی ۹۰بە تۆمەتی پەڕوپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای ناردنی هەواڵ بۆ ڕاگەیاندنەکانی دەرەکی و بێانی و ناوەندە مافە مرۆڤیەکان لە لایەن دادوەر چابۆک بە ٦مانگ زیندان سزا درا .
ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ماوەی ۱۱ساڵ و٦مانگ زینداندا تەنیا بۆ یەک جار توانیویەتی چاووپێکەوتنی لە گەڵ باوکی بەساڵاچویدا ببێت.چوونکو بنەماڵەی ناووبراو پێشتر لە لایەن حکومەتی سوریاوە مافی هەبوونی ناسنامەیان (بەڵگە، هەویە)لێ زەوت کرابوو و نەیاندەتوانی بە شێوەیەکی یاسای سەفەر و سەردانی ئێران بکەن بۆ بینینی کوڕەکەیان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان