دادگای ئورفا دەخوازێ ئۆجالان بەزۆرەملی پەلکێشی دادگا کات

بەپێی هەواڵی ناوەندی هەواڵی رۆژنیوز ، دادگای ئۆرفە بڕیاری داوە  بە زۆرەملێ‌ دیلەک ئۆجالان بکێشێتە بەردەم دادگا، ئەوەش دوای ئەوە هاتووە کە داواكاری گشتی توركیا بەتۆمەتی بانگەشە بۆ تیرۆر داوای پێنج ساڵ زیندانی بۆ كردوە.

دادگای پارێزگای ئۆرفا لەباكوری كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیاری دا دیلەك ئۆجالان پەرلەمانتاری هەدەپەی ناوچەی ئورفە بەزۆرەملێ پەلکێشی دانیشتنی دادگاکە بکات.

دیلەک ئۆجالان، خوشكەزای عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستانە و نوێنەری هەڵبژێردراوی گەلی ئورفەیە لە پەرەلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی هەدەپە، دادگایی کردنی ئەویش لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدایە کە حكومەتی ئاکەپە دژ بە سەركردەكان و پەرلەمانتارە کوردەکان لە باکووری وڵات دەستیپێكردووە.

زانیاریەکانی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان باس لەوە دەکەن،  دۆسییەی دەوڵەتی تورکیا بۆ دیلەك ئۆجەلان ئەوەیە کە، ناوبراو لە رۆژی 23 مانگی 2ی ئەمساڵ لەناوچەی وێرانشاری سەر بە ئورفا، بەشداری بەخاكسپاردنی گەریلایەك كردووە ‌و لەوێ بانگەشەی بۆ پەكەكە کردوە.

هەر لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەی ئاکەپە بۆ سەر سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارە کوردەکان لە باکوری کوردستان، هێزە ئەمنیەكانی توركیا، ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەك بەرپرس‌و سەرۆك شارەوانی سەر بەهەدەپە‌و دەبەپەیان دەستگیر کردوە بەهەمان تۆمەت.

کۆمەلەی مافی مرۆفی کوردستان