هەڵوێستی سێ ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردستان لەهەمبەر دانانی نوێنەری حکومەتی ئێران بۆ بەرپرسیارەتی نۆرەیی “کۆڕبەندیی کۆمەڵایەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ”

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دانانی نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە کۆڕبەندیی کۆمەڵایەتی، ڕیاکارانە دەجوولێتەوە

واتسڵاو باڵک، بەرپرسی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی مەی ٢٠٢٣، لە نامەیەک‌دا بۆ ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە ڕایگەیاند، “عەلی بەحرەینی” باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە بەرپرسیی دەورەیی “کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ” کە لە دووهەم و سێهەمی مانگی نوامبەری ٢٠٢٣ دەست‌پێدەکات.
کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمووساڵێک بە بەشداری ئەندامانیی، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و دامەزاروە نێونەتەوەییەکان پێک‌دێت. بابەتی ئەمساڵی دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە” بەشداری زانستی، لێزانی و داهێنەری بۆ پێشکەوتنی مافەیەلی مرۆڤ”ـە!
وەدەرنانی کۆماریی ئیسلامی لە کۆمسیۆنی پێگەی ژن-ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەسندکردنی بڕیارنامەیەک بەهۆی سەرکوت کردنی سیستماتیکی ژنان لە ئێران لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژینا کرا، جێگای دڵخۆشی و هیوا بوو، بەڵام ئەو پێ‌سپاردنە دژوارەش دەتوانێ وەک کردەوەیەکی تەواو دەغەڵبازانە و ڕیاکارانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ کە متمانە و باوەڕ بەو کۆمەڵەیە و سەرجەم سیستەمی مافەکانی مرۆڤی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەخاتە ژێر پرسیار.
بەرپرسان و ڕێبەرانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران دەمێکە لە داهێنان و زانستی ڕۆژ بە مەبەستی چاودێری و سانسۆری نەتەوەکانیی ئێران کەڵکاژۆی نابەجێ وەردەگرن، لەوانە دەست‌وێڕاگەیشتن بە زانیارییەکان بەرتەسک کردووتەوە و گۆڕینەوەی زانیاری و بیروباوەڕ لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکانیشی خستۆتە ژێر ڕكێفی خۆی و پاوانی کردووە.
“بەحرەینی” لە سێپتامبری ٢٠٢٢ لە کاتێک دا بووە بە نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە، خەڵکی ناڕازی لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا بە توندترین شێواز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، مافیان پێشێل دەکرا.
سەیر لەوەدایە لەو دانیشتنەدا باس لە بەشداری زانستی، لێزانی و داهێنەری بۆ پێشکەوتنی مافەیەلی مرۆڤ” دەکرێ لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران لەو زانستە بۆ سەرکوت، سانسۆر و پێشگرتنی ڕەوتی ئازادی زانیارییەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە شیوازی فێلتێرینگی ئینتەرنێت و پلاتفۆڕمە پێوەندیدارەکانی کۆمەڵایەتی کەڵک وەردەگرێ.

بەباوەڕی ئێمە دانانی عەلی بەحرەینی بێ‌ڕێزی ئاشکرایە بە قوربانیانی هەموو ئەو ساڵانەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت ئەم ڕاپەڕینەی مەزنەی خەڵک کە هەموو مافەکانیان لە بەستێنی ئازادی ڕادەربڕین، کۆبوونەوە و دامەزراوەکان پێشێل کراوە، خەڵکێکی زۆر دەسبەسەر و ئەشکەنجە دراوە، هاونیشتمانییان ڕووناهی چاویان لەدەست داوە و لەوش گرنگتر بە تەقەی ڕاستەوخۆ و لەژێر ئەشکەنجە کوژراون.
هەربۆیە ئێمە وەک ناوەندەکانی مافی مرۆڤیی کە لە بەستێنی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کاروچالاکی دەکەین، داواکارین خێرا ئەو بڕیارە هەڵبوەشێننەوە و عەلی بەحرەینی لەو پۆستە وەلا نێن.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”چاونیوز”
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هانا”
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *