تازەترین زانیاری لەسەر کوژرانی هاوڵاتییەکی دیکە لەژێر ئەشکەنجەدا لە شاری سەقز

ک.م.م.ک:

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز بەناونیشانی ئیسماعیل دزوار کوڕی ئیبراهیم، خێزاندار و خاوەنی منداڵێکی کوڕ بەناونیشانی دیار لە سیتەرەی پۆلیسی ڕێگەوبانی حکوومەتی ئێران لەو شارە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی هەواڵەکە، ئێوارەی ئەو ڕۆژە تەرمی بێ گیانی ئیسماعیل دزوار لەلایەن چەندد کەسێک لە هێزە ئەمنییەکانەوە بە جلی مەدەنی دەبرێت بۆ نەخۆشخانەی شەفا لەو شارە و داوا لە بەرپرسانی پەیوەندیداری نەخۆشخانە دەکرێت کە بنووسن ناوبراو بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە گیانی لەدەست داوە بەڵام کاتی لەگەڵ دژایەتی نەخۆشخانە ڕووبەڕوو دەبنەوە، خۆیان بەدزیەوە تەرمەکە دەڕفێنن و دوور لە چاوی گشتی ئەسپەردەی دەکەن.

شیاوی باسە کە, بەپێی وتەکانی بەرپرسێکی نەخۆشخانە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت ئاسەواری ڕەشبوونەوە و ئەشکەنجە بە جەستەیەوە تەواو دیاربوو بەتایبەت لەسەر سنگی.


بەوتەی هەواڵنێرمان کە ڕاستی ڕووداوەکەی پشتڕاست کردۆتەوە بنەماڵەی ئیسماعیل دزوار بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا کراون و پێیان کوتوون کە دەبێت لە ئاگاداری پرسە و سەرەخۆشی کوڕەکەیاندا بنووسن بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانی بەخت کردووە و بێجگە لەوە دیکەی ئەندامانی بنەماڵەتان پارێزراو نابن، هەربۆیە لە ئاگاداری ماتەمینەکەیدا بەو شێوازە نووسراوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *