ک.م.م.ک:
دووشەممە یەکی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی، لە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاری سنە، ٣ کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەم ڕێوڕەسمە بە ناوەکانی زۆراب جەلالی، جەماڵ ئەسەدی و فوئاد عەنایەتی دەستبەسەر کران.
بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم کەسانە بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو شارە دەستبەسەر کراون.
شیاوی باسە، تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاوڵاتیانە نەزانراوە.
شیاوی باسە کە فوئاد عەنایەتی پێشینەی دەستبەسەری هەیە و ڕەزبەری ٢٧١٩ ی کوردی، لە ڕەوتی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی کوردستان دەستبەسەر و پاش کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە و بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
دادگای حکوومەتی ئێران ناوبراوی بە تۆمەتی تێکدانی ئەمنییەتی گشتی لە ڕێی بەشداری لە گردبوونەوەی نایاسایی، لە لایەن لقی ١٠٤ی دادگای سزاکان بە سەرۆکایەتی دادوەر ئومێدی بە ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری و ٧٤ زەبری قامچی مەحکووم کردبوو.
ئەم حوکمە لە لایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ دوو ساڵ زیندانی هەڵپەسيراو گۆڕدرا. حوکمی قامچییەکەیشی لە لایەن دامەزراوە قەزاییەکانی ئێران جێبەجێ کرا.
جەماڵ ئەسەدی ـش ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو هاوکات لە گەڵ چەندد هاوڵاتییەک لە لایەن پاراستنی ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامی ئێرانەوە لە شاری سنە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەسەر جێبەجێ کرابوو.
ق.ش