بڕینی دارستانەکانی سورێنی بانە لە لایەن کەسانی سەر بە مافیای سپای پاسدارانەوە

ک.م.م.ک:

لە چەندد ڕۆژی ڕابردوودا هەمدیسان کارەساتێکی سرووشتی دیکە لە لایەن دەست و پێوەندییەکانی سپای پاسدارانەوە لە دەڤەری سورێنی سەر بە شاری بانە هاتە ئاراوە و هەزاران دار لە تاریکی شەودا ژینۆساید کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، کەسانی ناسراو کە ناوەکەیان لە لای کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان تۆمار کراوە و ئەم کەسانە سەر بە دامودەزگا حکوومی و ئەمنییەکانی ئێرانن لە کوردستان و لە سەر پلان و داوای سپای پاسداران بە هاوبەشی هەڵدەکوتنە دارستانەکان و دەیان بڕنەوە و دارەکان دەفرۆشن و شوێنی دارەکانیش دەکەن بە باخچە و ماڵی شوێنی ڕابواردنی خۆیان.
بابەتەکە ئەوەندە زەق و بەرچاوە کە هیچ شوێنی حاشا لێکردن ناهێڵێتەوە و وێڕای ئەو زەبرە گرانە لە سرووشت تا ئێستە هیچ لایەن و ناوەندێکی پێوەندیدار بوێری ناکات لێی وەخاوەن دەربکەوێ و لە لایەن سپای پاسدارانەوە هەڕەشەیان لێدەکرێ ودەنگیان کپ دەکرێت.

شیاوی باسە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە قۆڵی لێ هەڵماڵیوە بە لە ناوبردنی ناسنامە و خاک و سەووشتی کوردستان و بە سەدان چەشن پەلاماری سرووشتی ناوازەی کوردستان دەدات و تا ئێستەیش لێپێچینەوەیەکی لێنەکراوە و بەم پێیە سرووشتی کوردستان هەر ڕۆژ بەشێکی تەفروتوونا دەکرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە ئەرکی سەرشانی هەر ناوەندێکی مافی مرۆیی و ژینگەپارێزی و هەر تاکێکی کوردی دەزانێ بەرانبەر بەم کردەوە دژە ژینگەییە دەنگ هەڵببڕن و بکەرانی ئەو جینایەتە و هەر حاڵەتێکی هاوشێوەی ڕیسوا بکەن و سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن و بە یەکدەنگی هەموو لایەنەکان دەتوانرێ ڕێگری لە هەر چەشنە ڕووداوێکی دیکە بگیردرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *