بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ٣٦ رۆژنامەوان و چالاکی مەدەنی لە شاری بادینان لە ھەرێمی کوردستان، نزیک لە ١٠ مانگە لە بەندیخانەی ئاسایشی ھەولێر بەندکراون، ٥ کەس لەم گیراوانە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و یازدەی تر بەم زوانە دەڕۆنە دادگا.
عەلی موحەمەد ساڵەح، ئەندام پارلەمانی کوردستان بە بڵاو کردنەوەی راگەیەندراوێک لەسەر دۆسیەی دەستبەسەر کراوان رایگەیاندوە: ٣٦ شارۆمەند بە تۆمەتگەلی جیاواز بڕی دە مانگە لە بەندیخانەی ئاسایشی شاری ھەولێر بەندکراون و سێ کەسی تر بڕیاری دەستبەسەرکردنیان دەرچووە و بەوھۆیەوە خۆیان شاردوەتەوە و ھەڵھاتون.
ناوبراو رایگەیاندوە: پێنج کەس لە دەستبەسەر کراوان بەشێوەی نادادپەروەرانە ھەریەکەو سزای ٦ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سپێندراوە.
ھەروەھا نەوبراو رایگەیاندوە: لە رۆژانی ٥، ١٢ و ٢٩ی ئەم مانگە دادگەی ١١ کەسی تر لە چالاکانی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەچێت. ئەم کەسانەش بە پێی مادەی ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ کە بەو پێیە تاوانبار کراون، دەبرێنە پێش دادوەر.
ئەم پارڵمانتارە لە کۆتایدا رایگەیاندوە: بە پێی وتەی پارێزەرانی ئەم کەسانە، ئەم چالاکە کۆمەڵایەتیانە بە سیخوڕی بۆ وڵاتانی بێگانە تۆمەتبار کراون. ئەمریکا و بەریتانیا دوو لەم وڵاتانەن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم کەسانە بە شێوەی فەرمی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوەی کوردستان چاوپێکەوتنیان کردووە.
س.ر