KMMK:
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دادسەرای گشتی و ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری گیلان غەرب(ئیسلام ئاوای غەرب) بەرانبەر بە حوکمی پاکانە(پەڕینەوە)ی ئانیسا جەعفەری ناڕەزایی نیشان داوە و خوازیاری پێداچوونەوەی دوپاتە لە دۆسیەکەی و داوای زیندانی کردووە.
دادستانی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی ناڕەزایی بە پاکانەی ئەم چالاکە کەلتوورییە، داوای لە دادگای پێداچوونەوەی حکوومەت لە کرماشان کردووە لێکۆڵینەوەی زیاتری لە سەر بکات.
به گوێرەی هەواڵە، ئانیساجەعفەری مێـهر بە مەبەستی سڕینەوەی حوکمی دەستبەسەری و ئازادی بارمەکەی خۆی سەردانی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێرا لە گیلان غەرب کردووە و تێدەگات کە دادستانی بەرانبەر بە حوکمی پەڕینەوەی ناڕەزایەتی نیشان داوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە.
شەممە 8ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ناوبراو بە تۆمەتی” پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات” بانگهێشتی دادگای ئینقلاب کراوە و پاشان پێی ڕاگەیەندراوە کە لەو تۆمەتە پەڕیوەتەوە.
شیاوی باسە کە ناوبراو خاکەلێوەی ئەمسال ـیش بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی پەڕیبوویەوە.
ئانیساجەغفەری مێـهر لە سەرماوەزی ساڵی 2720ی کوردی، بە دانانی بارمتەی 350 ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ناوبراو دووشەممە سێی سەرماوەزی 2720ی کوردی، بە بێ نواندنی حوکمی قەزاس و لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەســتبەسەر کرابوو.
ق.ش