ئیدارەی ئیتلاعات: بەرێوەچوونی پرسە بۆ حسێن کامکار قەدەغەیە

KMMK:

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە دەستی گەیشتووە، ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران هەڕەشە لە بنەماڵەی حوسێن کامکار گەریلای گیان لەدەستدراوی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) کردووە، کە ئەوان مافی بەڕێوەبردنی هیچ پرسەیەکیان نییە.

هێزەکانی ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران مالباتی کامکاریان بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێ کردوون لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەر پرسەیەکی، دەسبەسەر دەکرێنەوە و بە توندترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.

حسێن کامکار( ئارگەش شۆڕش)، لە دایکبووی مەهاباد و کوڕی هاجەر و خزر، لە ساڵی 2018 زایینی دا لە بەرزاییەکانی قەندیل لە ئەنجامی بۆردوومانی هێزە سەربازییەکانی داگیرکەرانی کوردستانی گیانی لەدەستدا.

شایانی باسە کە هێزە سەربازییەکانی ئێران و تورکیا بە بەردەوامی بە هێرشکردنە سەر ناوچە سنوورییەکان، ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی کوردستان-یان کردووە ئامانج و تیرۆریان کردووە.

تیرۆرکردنی ئەندامانی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە باشوری کوردستان و لە وڵاتانی ئەوروپا درێژەی هەیە و تا ئێستا بە سەدان ئەندامی ئەو پارتانە تیرۆر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *