KMMK:
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، پێنجشەمە 14 رەشەمەی 2720 ی کوردی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بە بنەماڵەی بەهمەن یووسف زادە 26 ساڵ تەمەن، فەرهاد مووساپوور 28 ساڵ و فەرەیدوون مووساپوور 26 ساڵان لە چالاکانی مەدەنی شاری ڕەبەت راگەیاندراوە کە دەتوانن بە دانانی بارمتە رۆڵەکانیان ئازاد بکەن.
بە پێی قسەی سەرچاوەکە، بۆ بەهمەن یووسف زادە و فەرەیدوون مووساپوور بارمتەی 100ملوێن تمەنی و بۆ فەرهاد مووساپوور بارمتەی 500 ملوێن تمەنی دیاری کراوە.
بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان کە کێشە و گرفتی زۆریان بۆ دابینکردنی بڕە بارمتەکە تووش بووە، لە کۆتایی دا توانیویانە بارمتەکە دابین بکەن و لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێیان راگەیاندراوە کە رۆژی یەکشەمەی حەفتەی داهاتوو ئەم دەستبەسەر کراوانە بە شێوەی کاتی ئازاد دەکرێن.
جێگای ئاماژەیە، ئەو سێ چالاکە مەدەنیە رۆژی سێشەمە 23 بەفرانبار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کۆماری ئیسلامی ئێران لە رەبەت دەستبەسەر و تا ئەمڕۆ چارەنووسیان نادیاربوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان