KMMK:
بە پێی زانیارییەکان “ڕەحیم ڕەفعەتی” کوڕی محەممەد و “ڕەحمان تابش” کوڕی مراد له شاری شــنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر “ڕەزایی” بە زیندان مەحکووم کران.
ئەم دوو هاوڵاتییە بە تۆمەتی” ئەندامەتی له حیزبە کوردییە ئوپوزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئێران و پیلان دژی دەسەڵات” بە سێ ساڵ و حەوت مانگ زیندان و بە تۆمەتی” پێوندی لە گەڵ حیزبە کوردییەکانی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” بە هەشت مانگ زیندان مەحکووم کران.
ئەم حوکمە لە ماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوو بەم دوو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندراوە،
بە پێی یاسای سزا ئیسلامییەکانی ئێران، حوکمی سزای گرانتر بۆ ئەم دوو هاوڵاتییە دێتە جێبەجێکردن.
یەکشەممە پازدەی پووشپەڕی 2720ی کوردی، ئەم دوو زیندانییە سیاسییە بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی بە تۆمەتی “هاریکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆگرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری ورمێ گوازرابوونەوە.
ڕەحیم ڕەفعەتی و ڕەحمان تابش ڕەزبەری ئەمساڵ پاش کۆتایی هاتن بە لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســــتان