سەقـز: پارێزەرێکی دادگا دەستبەسەر کرا

KMMK:

یەکشەممە ۱۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۰ی کوردی، “عەلی ساکنی” پارێزەری دادگوستەری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت لە شاری سەقز دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگواسترا.

عەلی ساکنی پارێزەری بەرگریکاری “هوشمەند عەلیپوور” زیندانی سیاسی مەحکووم بە ئێعدامە. بە گوێرەی زانیارییەکان دەستبەسەری ئەم پارێزەرە کە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات” بووە پاش گۆڕانی لێکۆڵەری دۆسیەکە هاتۆتە ئاراوە.

دۆسیەی عەلی ساکنی لە لقی ۳ی (بازپرسی) دادگای حکوومەت لە شاری سەقز لە حاڵەتی لێکۆڵینەوەدایە.عەلی ساکنی پێشترـیش لە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ئەوساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماڵەکەی خۆی لە سەقز دەستبەسەر کرا.

ناوبراو دوایی تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە ڕۆژی چوارشەممە ۱۱ی پووشپەڕ، بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری سـنە ڕاگواسترا و لە کۆتاییدا ڕێکەوتی ۱۶ی پووشپەڕ، بە دانانی بارمتە تا کۆتایی قۆناغەکانی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی ئازاد کرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان