KMMK:
لە ئەنجامی بۆمباران و هێرشە ئاسمانیەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، پێنج هاوڵاتی لە شیلادزێ گیانیان بەخت کردووە.
بە پێی زانیاریەکان دوو لەو هاوڵاتیانە لە گوندی سیدان بەهۆی بۆردومانەكانی حکومەتی تورکیا گیانیان بەخت کردووە و بەھۆی سوتانی تەرمەکان یەکێکیان ھێشتا نەناسراوەتەوە کە کێیە بەڵام ھەردوکیان گەنجن و تەمەنیان لە نێوان ۳۰ بۆ ۴۰ ساڵە.
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ رایگەیاندووە لە گوندی “گیلکا” لە سنوری کانی ماسێ تەرمی گەنجێک دوزراوەتەوە بەناوی ئەمین سەلاح تەمەن ۲۷ ساڵ، دو روژە ئەو گەنجە بێسەروشوینە و ئەمڕۆ ئاشکرابووە کە “بەر بۆردومانی تورکیا کەوتوە و شەھید بوە.”
دوایی دۆزینەوەی ئەو سێ تەرمە و پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێر تەرمی دو هاوڵاتی تریش دۆزراوەتەوە کە بە بۆمباران گیانیان لەدەست داوە.
جێی ئاماژەیە کە خەڵکی ناوچەکە ئازار و نەهامەتی زۆریان کێشاوە و دڵەڕاوکێی ئەوەیان هەیە کە ئەوانیش بەر بۆمبارانی ھەوایی حکومەتی تورکیا کەون.
حکومەتی تورکیا بە ئاشکرا خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج و دەیانکوژێت، ئەو کردەوەی حکومەتی تورکیا کۆمەڵکوژی و تاوان دژی مرۆڤایەتیە.
پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی ئێراق لەسەر کۆمەڵکوژی کوردان تورکیا بدەنە دادگا نێودەوڵەتیەکان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


