KMMK:
ڕۆژی هەینی ٢۶ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، کەسێک بە ناونیشانی “عەباس سدیقی” لە یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە دەستبەسەر کرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە: دەستبەسەری ئەم هاوڵاتییە پیرانشارییە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە لێدان و سوکایەتی بووە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لە ئیدارەی ئیتلاعات و دامەزراوە ئەمنییەکانەوە لە مەڕ هۆکاری دەستبەسەری و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
شیاوی باسه: لە سەرەتای مانگی گوڵانەوە تا ئێستە هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵمەتێکی دەستبەسەر کردندا، دەستی داوەتە دەستبەسەری بەربڵاو لە شارەکانی پیرانشار، بانە، سەردەشت، ورمێ، ســنە و مەریوان و کەشی شارەکانی بە تەواوی بۆ دانیشتوانی ئەم بەشە لە کوردستان مەترسیدار کردووە ئەمە لە کاتێکدا کە لەم دەستبەسەرییانەی ئەم دواییانەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە، بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی دەستیان داوەتە دەستبەسەری هاوڵاتیان کە ئەمە لە خۆیدا پێشێلکاری ئاشکرای مافی هاوڵاتیی بوونە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان