هەورامان: برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە هۆی تەقەی هێزە سنوورییەکانی ئێران

KMMK:

ڕۆژی هەینی ٢۶ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، دوو کۆڵبەر کە ناونیشانی یەکێکیان”نەوزاد” خەڵکی گوندی بندۆڵ ڕاگەیەندراوە لە هەورامان کەوتونەتە بەر تەقەی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و برینداربوون.

بە گوێرەی هەواڵەکە: هێزە سنوورییەکانی حکوومەتی ئێران دامەزراو لە گەردەنەی” تەتە”ی هەورامان لە ناوچەی دارهەرمێکان” گرووپێک کۆڵبەریان دایە بەر دەسڕێژ کە دوو کۆڵبەر فیشەکیان بەردەکەوێ و بریندار دەبن.

شیاوی باسە کە: نەوزاد لە ڕێی هاوڕێکانییەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری پاوە ڕاگواستراوە و هەروەها ناونیشانی کۆڵبەری دوویەم ئاشکرا نەکراوە.

پێویستە ئاماژەی پێ بکرێ: لە چوارچێوەی سیاسەتی هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەژاری، بێکاری، و … بووە بە هۆکاری ئەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لە کۆڵبەری بکەن و بەردەوام لەلایەن هێزە سنوورییەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێبکرێ و ساڵانە دەیان کەس برینداربن و بکوژرێن.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ١۴ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و بەم ڕووداوەوە ٤٢ کۆڵبەر و کاسبکار بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: